شارهزایان: کۆسپەكانی بهردهم به دهوڵهتبوون سیاسین.. ههڕهشهكان دهپووكێنهوه

ههولێر-KDP.info- شارەزایانی نێودهوڵهتی ئاماژە دەدەن، كه ھەرێمی کوردستان ھەموو بنەمایەکی سەربەخۆیی و دهوڵهتی تێدا ھەیە و دهشتوانێ له ڕووی ئابووری و خۆبهڕێوهبهرییهوه وەک دەوڵەتێکی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا ڕۆڵ ببینێ. شارهزایانی نێوخۆیش لهسهر ئهو باوهڕهن، ههڕهشی دراوسێكان دهپووكێنهوه.
(د. کاوان ئیسماعیل) راگری کۆلیژی یاسا و رامیاریی زانکۆی سەڵاحەددین، جهخت دهكاتهوه، ھەرێمی کوردستان ھەموو بنەمایەکی دەوڵەتبوونی ھەیە و ئەوەیشی ئێستا بوونهته کۆسپ لهبهردهم پڕۆسەی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان، كۆسپی سیاسین.
ئهو به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت ''ئێمە لە ڕووی یاسا نێودەوڵەتییەکان ریفڕاندۆمی سەربەخۆییمان ئەنجام داوە، گەلی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی داوە، ئەو بڕیارەی ریفڕاندۆم ھەموو پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی تێدایە، بەڵام ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە کۆسپ بخرێتە رێگەی جیابوونەوە، ئەوه پرسێکی دیکەیە و پێویستە ئەو وڵاتانە بێنە دەنگ کە چەندین ساڵە لافی ئازادی و دیموکراتی و مافی لێدەدەن.''
لە دوای راپەڕینهوه تا ساڵی 2003، ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی نیمچەسەربەخۆ بووە و پەیوەندی بە ھیچ دەوڵەتێکەوە نەبووە، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش، درێژە بە حوکمڕانی لە چوارچێوەی فیدڕاڵی دراوە، (د. کاوان ئیسماعیل) دەشڵێ "بنەما تەقلیدییەکان باس ناکەم، بەڵام ئەگەر بچینە سەر بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتبوون، ئێمە ئێستایش وەک دەوڵەتین، چونکە بیرمان نهچێ، ھەندێ دەوڵەت ھەن سەروەرییان وەک ھەرێمی کوردستانیش نییە، کەچی ئێمە ھەرێمێکین لە چوارچێوەی عێراقدا، یەکێک لەو وڵاتانە ئەفغانستانە. راستە لە ڕووی یاساییەوە دەوڵەتە، بەڵام ھەر بە ناوە، ھیچ سنوورێکی پارێزراو نییە، عێراقیش بەھەمانشێوە، نە سوپایەکی یەکگرتووی ھەیە نە لە ڕووی ئەمنییەوە پارێزراوه، واتا ئێستا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی بەناو(عێراق) ئارامتر و سەقامگیرترە.''
ئهو پسپۆڕهی یاسا، دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دێنێته بهر باسهوه و دهڵێ، ''دانوستان زەرورە بکرێت، چونکە مەرج نییە ئێمە پرسی سەربەخۆیی گرێ بدەین بە دانوستانهوه، خۆی دەتوانرێت سەربەخۆیی رابگەیێنین و دانوستانیش لەگەڵ بەغدا ھەر بەردەوام بێت''، وهك ئهو پێشبینی كرد، ''تا دە ساڵی دیکەش ئەو دانوستانە ھەر ھەبێت، زۆر کێشەی ھاوبەشمان ھەنە، ھەر لە کێشەی سنوورەوە تا دەگاتە پرسی ھاووڵاتی ھاوبەش، وەک دەزانین ژمارەیەکی زۆری کورد لە بەغدا و مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەژیێن، واتا ئەگەر ھەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتیش، دراوسێیەتیمان لەسەر چەند بنەمایەک دەبێت. ئەگەریش ھەیە کوردستان ببێتە دەوڵەت و بەغدا رازی نەبێت، ئینجا لهم دۆخهدا پێویستە ئەو دانوستانانە بە کراوەیی بمێننەوە.''
ههڕهشهكانی توركیا دهپووكێنهوه
ههرچیی (ھۆشەنگ تاجر)ی شرۆڤەکاری سیاسییه، باوهڕی وایه، ههر كه پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ئاسایی ببێتهوه، ئهوا کاریگەری لەسەر ئەو گرژییەی وڵاتانی دەوروبەریش دەبێت و دهڵێ، ''ھەرکاتێک دانوستان بێته كایهوه، ئەو ھەڕەشانەی دراوسێكانیش بەرەو لاوازی دەچن. ھەرچەندە ئێستایش ھەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا ھاتووە و جێگری وەزیری دەرەوە لە دوالێدوانیدا داوای چارەکردنی کێشەکانی نێوان و بەغدای دەکرد.''
(تاجر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێداگریی كرد لهوهی ''وڵاتانی ناوچەکە عێراق بۆخۆیان بەکار دێنن، چونکە ئەوانیش ھەرچەندە ھەڕەشە لە ھەرێم دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا نایانەوێ عێراق وڵاتێکی یەکگرتووی بەھێز بێت، چونکە ئەگەر عێراق وڵاتێکی سەقامگیر و یەکگرتوو و بێکێشە بێت، ئەوا ئەوکات ھیچ وڵاتێک ناتوانێ دەست لە کاروباری عێراق وەربدات.''
ئاماژە بهو ههوڵانهی بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان و ھەرێم و بەغدا و دانوستان له نێوانیاندا و، کاریگەرییهكانی بەسەر ھەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکەشهوه، ئهو شرۆڤەکاره پێی وایه، ''تورکیا كه نێوانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان تێک بدات زەرەر دەکات.''
عێراق لە دوای ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سهربهخۆیی، بەردەوام لەگەل وڵاتانی ناوچەکە لە دانوستان دا بووە بۆ ئەوەی سزای ئابووری بۆ سەر گهلی كوردستان بسهپێنن، بەڵام ھێشتا وڵاتانی دراوسێ ئەو خواستەی بەغدایان جێبەجێی نهكردووه.
لهبارهی ههڵوێستی داروسێكانی ههرێمی كوردستانهوه زیاتر دوا و ئاماژه بهوهی كه هەڵوێستی تورکیا جیاوازە و یەکگرتوو نییە. (تهییب ئەردۆغان و بینالی یەڵدرم) ھەریەکە و بە شێوەیەک دەڕوانێتە پرسی ریفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، (ھۆشەنگ تاجر) دهڵێ ''من ھیچ بڕوا ناکەم ھەڕەشەکانی تورکیا تا سەر بەردەوامییان ھەبێت، چونکە پێم وا نییە (ئەردۆغان) کورد لە دەست خۆی بدات، تەنانەت لەنێو پارتەکەشیدا نزیکەی 70 پەرلەمانتاری کورد ھەنە، چۆن دەتوانێ دژایەتیی کورد بکات!. لەنێوخۆی تورکیایش دەنگی ئەوە دەبیسترێ دژی داخستنی سنوور و دژایەتیی ریفڕاندۆمن، بەڕێوەبەری پەیمانگای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە تورکیا کەسێکی ناوداری تورکیایە و بە روونی گوتوویەتی، تورکیا و (ئەردۆغان) نێوانی لەگەڵ کوردانی رۆژا نییە و لەگەڵ باکووریش نیەتی، تەنیا دراوسێیهكیشی كه لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندی نۆرماڵی لەگەڵ تورکیادا ھەبێت، ھەرێمی کوردستانە؛ ئهو دهڵێ نابێت ئەو پەیوەندییە هاوسهنگه لەبەرچاو نەگیرێت.''
قائید میرۆ




