٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

موسەننا ئەمین: هێشتا عەقڵیەتی بەعسی و شۆڤێنی لە عێراقدا حوکم دەکات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە دژی بڕیارێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە داوای کردووە پەرلەمانتارە کوردەکان نەچنەوە هۆڵی کۆبوونەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هێشتا عەقڵیەتی بەعس دانەبڕاوە.

پەرلەمانی عێراق، بە واژۆی 103 پەرلەمانتار، کە زۆربەیان پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسان، بڕیاریان داوە ڕێگا نەدرێت بە چوونەوەی پەرلەمانتارە کوردەکان بۆ هۆڵی کۆبوونەوە، دواتر ئەو واژۆیانە لە لایەن (سەلیم جبووری)، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دراوە بە دادگای فیدراڵی، بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییان بدات و بڕیارە هەفتەی دابێ دادگای فیدراڵی عێراق لەو بارەوە کۆ ببێتەوە، هاوکات (کازم سەییادی) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێت: ''بە مەرجێک ئەو پەرلەمانتارانە دەگەڕێنەوە، کە یەکەم داوای لێبوردن لە گەلی عێراق بکەن؛ دووەم، داوای یەکپارچەییی عێراق بکەنەوە و پەشیمان ببنەوە لە ڕیفراندۆم و سێییەمیش ددان بنێن بەوەیدا کە ڕیفراندۆم پرۆژەی سەهۆنییە.''

(د. موسەننا ئەمین) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: ''هێشتا عەقڵیەتی بەعسی و شۆڤێنی لە دەسەڵاتی عێراقدا بیر دەکاتەوە، ئەوان داوایان کردووە ڕێگا نەدرێت پەرلەمانتارە کوردەکان بچنە هۆڵی کۆبوونەوە، ئەمە چ عەقڵییەتێکە تۆ بتەوێت بە زۆری دەسەڵات پەرلەمانتار ناچار بکەیت بە کشانەوە لە بیروبۆچوونی خۆی، چ بیروبۆچوونێکیش؟ ئەوەی کە داوای مافی ڕەوای گەلی کورستان دەکات، بۆیە ئێستا فشارەکانیان زۆر کردووە بۆ سەر پەرلەمانتارانی کورد، دووریش نییە لە داهاتوودا ئیجرائاتی توندتر نەگیرێتە بەر، لەکاتێکدا هێشتا عەقڵییەتێک لە بەغدایە، نەک بە شێوەی پێکهاتە، نەک بە شێوەی پلە دوو، بەڵکو وەک برا بچووکیش قبووڵمان ناکات، ئیتر بۆچی خۆمان بخەڵەتێنن بەم عێراقەوە، کە ئەوە بیرکردنەوەی بێت، لە هەمان کاتدا پەرلەمانی عێراق ئێستا خۆی بووەتە مەترسی لەسەر پێکهاتەیەکی گرینگی عێراق.''

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئەو عەقڵییەتەی بەغدا نەک بەرانبەر بە کوردستان، بەڵکو بەرانبەر بە سوننەکانیش جۆرێک لە دژایەتی و سووکایەتیپێکردنی تێدا هەیە و نایانەوێت هیچ کەسێک لە دەرەوەی بیركردنەوەی خۆیان بیر بکاتەوە، ئێستاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەیکات، جۆرێکە لە سزادانی خەڵکی کوردستان، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان تەنیا داوای مافی خۆیان کردووە.''

کارزان سەباح هەورامی 

هەواڵی پەیوەندیدار