د. سەباح بەرزنجی: ئەگەر بەغدا دیالۆگ ڕەت بکاتەوە، ئەوا گەلی کوردستان جاڕی سەربەخۆیی دەدات

هەولێر-KDP.info- کەسایەتییەکی ئەکادیمی و ئایینیی کوردستان پێی وایە دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە و ئەگەر عێراق ئەمجارە پابەندی ڕێککەوتنەکانی نەبێت لەگەڵ ھەرێم ئەوا میللەت ئامادەیە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. دەشڵێت، ھێشتا خەڵکێکی بەویژدان لە بەغدا ھەیە تێدەگات لەوەی میللەتی ئێمە بڕیاری خۆی داوە.
ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە بڕیاری خۆی داوە بۆ جیابوونەوە لە عێراق، تەنھا ڕێوشوێنی جیابوونەوە لە عێراق ماوە، تا بە دانوستان ھەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن، (د. سەباح بەرزنجی)، کەسایەتیی ئایینی و ئەکادیمیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتووەتە قۆناغێکی ئاڵۆز، جگە لە دانوستان ھیچ ڕێگەیەکی دیکە لە بەردەم ھەردوو لادا نییە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێگە چارەیەک، ھەڵوێستی بەغداش پەرتەوازەیی پێوە دیارە و ھەریەکێکیان ھەڵوێستی جیاوازیان ھەیە لەمەڕ پرسەکەوە. ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بەو شێوەیە نەڕوانینە بەغدا، کە ھەموویان دژی ئێمەن، ھێشتا خەڵکی بەویژدان لە عێراق ماون و لە کێشەی ئێمەی کوردستانی تێدەگەن، لەبەر ئەوە ھەتا ئەو جۆرە خەڵکە مابن و ڕێگە ھەبێت بۆ پێکەوەدانیشتن و دانوستان، نابێت ئێمەش پەنا بۆ ھیچ شتێکی دیکە ببەین، جگە لە دانوستانی ئاشتییانە، من لەو باوەڕەدام لە ئایندەیەکی نزیکدا لە نێوان ھەرێم و بەغدادا دەست بە دانوستان دەکرێتەوە و ئەو باگرژی و لێدوانە ئاگرینانەی دژ بە ھەرێمی کوردستان دەدرێن، کاتین و بە ھێوربوونەوەی ڕەوشەکە کۆتاییان پێ دێت.''
لەبارەی نێوەڕۆکی دانوستانەکان و مەرجەکانی بەغداوە، (د. سەباح بەرزنجی) ئاماژەیشی دا: ''لەمەودوا ھەر دانوستانێک لە نێوان ھەولێر و بەغدادا لەبارەی داھاتووی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە بچێت، پێم وایە سەرەتا ڕێککەوتن دەکرێت و کۆمەڵێک مەرج دەخرێنە بەردەم بەغدا بۆ ئەوەی عێراق پابەند بێت، ئەگەریش پابەند نەبێت ئەوە مانای ئەوەیە خۆیان ئێمە ھان دەدەن بۆ جیابوونەوە، واتە ھەرێمی کوردستان بەبێ دانوستان جارێ بیر لە جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەت ناکاتەوە، ئەگەر بەغدا ھەر پابەندی دانوستانەکان نەبێت، ئەوە بێگومان میللەتی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی.''
قائید میرۆ




