كوردستانیان: ریفراندۆم ویستی گەل بووە.. ناتوانن پێش بە كاروانی سەربەخۆیی كوردستان بگرن

هەولێر-KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە ریفراندۆم ویستی گەل بووە و هیچ هێز و فشارێك ناتوانێ لە خواستی گەلكەمان بكاتەوە. جەختیش لەوە دەكەنەوە، دەبێ بەغدا رێز لە راوبۆچوونی هاووڵاتیانی هەرێم بگرێت."
پێوەست بە ئەنجام ریفراندۆم و هەڵویستەكانی بهغدا، ئەندازیار (عەلی نادر) لە شاری كەركووكەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ریفراندۆمەكەی 25ـی ئەیلول سەلماندی كە ویستی هاووڵاتیان چییە، چۆن دەیانەوێت بژین، ئیدی داهاتووی خۆیشیان دیاری كرد و ئەنجامەكەیشی روون بوو، ئەگەر هەموو دونیاش دژمان بێت ناتوانێ پێش بە كاروانی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بگرێت، چونكە ئەمە خواستی گەلە و بەهیچ فشارێك ناگۆڕدرێت."
(عەلی نادر) گوتیشی، "سیاسیەكانی بهغدا بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانیانەوە عێراقیان تا سەر لیواری مەرگ هێناوە و هیچ دارێك لەسەر بەردی خۆی نەماوە بە دروستی و عێراقیەكان بە دەست شەڕی تایفی و مەزهەبی شیعە و سوننەوە گیریان خواردوە، لە 2003ـوە تا ئەمڕۆ بە سەدان هەزاریان لەیەكتر كوشتووە بەبێ هۆكارێكی روون، عێراق یەكێكە لەشكست خواردووترین وڵاتی جیهان، بەپێچەوانەشەوە هەرێمی كوردستان بەردەوام شوێنی پێكەوە ژیان بووە و بەردەوام لەگەشەی سیاسی و ئابووری دابووە، ئاخر توخوا من چیم داوە لەم عێراقە و بۆ من لە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا نەژیم."
لایخۆشیەوە مامۆستا (هیوا تالب) لە شاری هەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "كاتێك دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 دامەزرێندرا پرس بە دانیشتوانی كوردستان نەكراو بەبێ ویستی خۆمان بە عێراقەوە لكێندراین، ئێستاش دووای نزیكەی سەد ساڵ مافی خۆمانە بەویستی خۆمان لەو وڵاتە جیابینەوە، باشترین رێگهش بۆ جیابوونەوە ریفراندۆم و راوبۆچوونی دانیشتوانی كوردستانە، ئەویشمان كرد و دەركەوت زیاتر لە 92% دانشتوان ویستی جیابوونەوەیان هەیە و دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ ریفراندۆم.
مامۆستا (هیوا) گوتیشی، "ئاقڵانیترین بژاردەی بهغدا لەئێستادا ئەوەیە دەست بە گفتووگۆ بكات لەسەر ئەنجامەكانی ریفراندۆم و دراوسێیەتیهكی باش، چونكە هەڕەشە و فشار و ئابڵوقە و...هتد نامانترسێنێ و ئێمە لەگەڵ ئەم فشار و زوڵمانە پێشینەمان هەیە و راهاتووین."
لەلایێكی تریشەوە (محەممەد كەلهوڕی) بازرگان لە شاری سلێمانیەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئێستا دووای ریفراندۆم، دەركەوت ریفراندۆمەكەی 25ـی ئەیلول بۆ موزایەدەی سیاسی و حزبی نەبوو، بەڵكو دەرخەری ویستی گەلێكە بۆ سەربەخۆیی. دەبێ حكوومەتی عێراق رێز لە ئیرادەی دانیشتوانی هەرێم بگرێت و، دەست لە سیاسەتە چەوتەكانی هەڵگرێت."
(كەلهوڕی) دهشڵێ، "رابردوومان ئەوە دەسەلمێنێت ئێمە گەلێكین لە ستەم و كوشت و بڕ و فشار و هەڕەشەكانی بهغدا ناترسین، چونكە ئێمە كیمیاباران و ئەنفال و زیندە بەچاڵمان بینیوە، ئەوەتا بەغدا نزیكەی دەڕۆژە هەرچی لەدەستی هات بەرانبەر بە هەرێم كردی، بەڵام چی پێكرا، خۆ نەیتوانی یەك هاووڵاتیش لە دەنگدان پەشیمان بكاتەوە. جا چ جای وازهێنان لە ئەنجامی ریفراندۆم."
سەرباز واحد




