عەبدولئەحەد ئەفرام: فەڕەنسا ھانی عەبادی داوە لەگەڵ ھەرێم دانوستان بکات و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانە

هەولێر-KDP.info- کرستیانەکانی کوردستان زۆرینەیان لە ریفڕاندۆمدا بڕیاریانداوە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت و سەرکردەیەکی کریستیانیش ئاماژە بە رۆڵی فەڕەنسا دەکات بۆ پشتگیریکردن لە ئەنجامی ریفڕاندۆمی خەڵکی کوردستان و دەڵێ، دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان ھەر دروست دەکرێت و فەڕەنساش ھانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیداوە دەست بە دانوستان بکات لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
(عەبدولئەحەد ئەفرام)، سکرتێری پارتی کلدانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "وڵاتی فەڕەنسا زیاتر لەھەر وڵاتێکی دیکەی جیھان پشتگیری ریفڕاندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان دەکات و چەندین جارە لەسەر ئاستی باڵا داوای دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و ئامادەییشی نیشانداوە رۆڵی نێوەندگیری ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزی ئێستای نێوان ھەرێمی کوردستان و بهغدا، ئێمەش وەک کریستیانەکان بەو ھەڵوێستەی فەڕەنسا دڵخۆشین، چونکە ھەرێمی کوردستان بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ کریستیانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھەڵوێستی پاریس لەبارەی پشتگیریکردنیان لەوەی ئەنجامی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بەرچاو بگیرێت و بەرز دەنرخێنین، ئەوەی ئێمە ئاگاداربین ھەڵوێستی ئیتالیاش خراپنیە لەبارەی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵەکانی فەڕەنساش کاریگەری لەسەر ھەڵوێستی وڵاتانی دیکەی جیھان دەبێت و سەرۆکی فەڕەنسا بە (عەبادی) راگەیاندووە، مافی گەلی کوردستان بەرچاوبگرن و دەست بە دانوستان بکەن.
لە ریفڕاندۆمی 25ی ئەیلوولدا زۆرینەی کریستیانەکانی ھەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا پشکداریانکردووه و دەنگیان بۆ ریفراندۆمی کوردستانداوە تا بتوانن لەچوارچێوەی دەوڵەتی داھاتووی کوردستان زیاتر مافەکانیان زامن بکرێن و وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی و رەسەنی کوردستان بەشداری بڕیاری سیاسی بکەن.
(عەبدولئەحەد) گوتیشی، "لە رۆژانی داھاتوو دا ھەڵوێستی زۆر نەرم دەبینین لەوڵاتانی جیھان بۆ ئەوەی دەست بە دانوستان بکرێت لەنێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، من پێموایە ھەڵوێستی داھاتووی ھەموو وڵاتانی جیھان بەرەو ئەوەیە کوردستان جیاببێتەوە و مافی گەلی کوردستان لەچوارچێوەی ریفڕاندۆم دابین بکرێت، تەنیا وڵاتانی دەوروبەری ئێمەن ناڕازین لە جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەوانیش من وای دەبینم زیاتر بۆ کێشەی ناوخۆیی خۆیان دەگەڕێتەوە و ترسیان ھەیە کوردانی ئەو پارچانەش لەداھاتوودا داوای جیابوونەوە بکەن، بەڵام ئەوەی ھەرێمی کوردستان تازە گەیشتووتە قۆناغێک ئەمڕۆ نەبێت ساڵێکی دیکە ئەنجامەکەی ھەر راگەیاندنی سەربەخۆییە و بەغداش دەگاتە ئەو باوەڕەی بەو ھەڕەشانە ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
قائید میرۆ




