هاووڵاتیانی عەرەب و توركمان و كورد: هەڕەشەکانی بەغدا مكوڕترمان دهكات لهسهر جیابوونەوە
__2017_10_05_h14m1s2__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- عەرەب و كورد و توركمانەكانی كوردستان دەڵێن، دەنگمان بە بەڵێ داوەو ئامادەشین بۆ بەرگریكردن لە دەنگ و خاك و نیشتیمان قوربانی بدەین. جەختیش دەکەنەوە، هەڕەشە و فشارەكانی بەغدا سوودی نییە، "ئێمە داهاتووی خۆمانمان دیاری كردووە."
بە هۆی ئەنجامدانی ریفرەندۆمەكەی 25ـی ئەیلول، بەغدا كۆمەڵێك بڕیاری لە دژی هەرێم داوە، ئەمەش وەكو فشار و پاڵەپەستۆیەك تاوەکو حكوومەتی هەرێم دەست لە ئەنجامەكەی هەڵگرێت.
(ئەمین ڕەسوڵ) هاووڵاتییەکی عەرەبی دانیشتووی زومارە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زۆرینەی هەرە زۆری عەرەبەكانی ناوچە كوردستانییەکان بۆ ریفرەندۆم دەنگیان بە بەڵێ دا، ئامادەشین لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك بەرگری لە ناوچەكانی خۆمان بكەین"، ئەو هاووڵاتییە هۆکاری ئەو ئامادەییەشیان بۆ ئەو بڕیارەی خۆیان دەگێڕێتەوە کە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان داویانە و دەیانەوێت لە ژێر سایەی دەوڵەتی کوردستاندا بە ئارامی بژین.
ئەو هاووڵاتیە عەرەبە پێیوایە لە ژێر سایەی هەرێمی کوردستاندا پارێزراو دەبن، نموونەش بە اتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەدات، کە سەربازانی عێراقی ناوچەکانیانی بە ئاسانی رادەستی تیرۆریستەکان کردووە، "كاتی خۆی سەربازەكانی (مالیكی) ئەو هەموو خەڵكەیان بەبێ خاوەن بۆ داعش بە جێهێشت و ئەوهەموو خەڵكە لە سایەی ئەوانەوە بەكوشت چوون! كەوایە چۆن جارێكیدی بگەڕێینەوە ژێردەستیان؟ ئێمەی عەرەبەكانی دانیشتووی ناوچە كوردستانییەكان شەنسێكی زۆرمان هەبوو، كە لەگەڵ برایانی كورد هاونشینین، چونکە دوا رۆژمان رونترە و لە ئەمن و ئاسایشێكی زۆر باشداین".
(ئەیمەن تەحسین) هاووڵاتی توركمانی كەركووكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ریفرەندۆمەكەی 25ـی ئەیلول، داهاتووی خۆمانمان بە هەرێمی كوردستانەوە گرێدا، چونكە هەرێمی كوردستان دوورە لە ململانێی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی"، ئەو هاووڵاتییە تورکمانە بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت: "كام ناوچەی ژێر دەستی عێراق ئارامە؟ لە كام ناوچەش كار بە پێوەری مەزهەبی و ئاینی ناكرێت؟."
هەڕەشە و پاڵەپەستۆکانی بەغدا کاری لەسەر بۆچوونی پێکهاتەکان نەکردووە و ئەوەتا ئەم هاووڵاتییە تورکمانە دەڵێت: "هەڕەشەکانی حكوومەتی بەغدا كارێكی ناڕەوایە، زیاتر ئێمەی مكوڕ کردووە لە جیابوونەوە."
(كاوە ئازاد) هاووڵاتییەکی كوردی دانیشتووی خانەقینە و باس لە ئەنجامەكانی ریفرەندۆم دەکات و پێیوایە دەرخەری ئەو راستییەن، كە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی بە جێناكۆكەكان ناسرابوون، چەندە تامەزرۆی گەڕانەوەی یەكجارین بۆ هەرێمی كوردستان، گوتیشی: "جیا لە كورد پێكهاتە و ئایینەكانی تر زۆر لە عێراق بێزارن و ئەوانیش تاڵی زۆریان بە دەست سیاسەت و دەسەڵات و بەرپرسانی عێراقەوە بینیوە، بۆیە هەمووی دەنگی بە بەڵێ داوە و ئامادەیشە بەرگری لە نیشتیمان و خاك و دەنگەكەی خۆی بكات، چونکە ئەوە خەونی پێکهاتەکانی ئەم دەڤەرەن."
سەرباز واحد




