غەفوور مەخمووری: بڕیارهكانی بهغدا دژی بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیشە

ههولێر-KDP.info- سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان دهڵێ، بهغدا لە جیاتی زمانی دیالۆگ، كە كوردستان داوای دەكات، ئەوان زمانی هەڕەشە و زمانی سزادانن بەرامبەر بە ئێمە بە كاردەهێنن كهئەوەش لە بەرژەوەندی ئێمە دایە و سوورترمان دهكات لەسەر داخوازییە ڕەواكانمان.
(غەفوور مەخمووری) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هەموو مەرج و بنەماكانی دەوڵەتبوون لە كوردستاندا هەیە، بۆیە پێویستە لەجیاتی ئەوەی كورد خۆی بە بەغداوە خەریك بكات ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بكات، ئەو بڕیارانەی كە پەرلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراقی دەریان كردووە دەرحەق بە گەلی كوردستان، پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری نایاسایین، بڕیاری سیاسیین، لە هەمانكاتدا بۆ ئابلۆقەدانی خەڵكی كوردستانە، بۆ برسیكردنی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەو بڕیارانە ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپێی بنەماكانی پاراستنی مافی مرۆڤ بێت، دەبێت بەرامبەر بهغدا هەڵوێستی هەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارانە دەكەونە خانەی سزادانی بە كۆمەڵ، ئەوەش هاودژە لەگەڵ بنەما ئەساسیەكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەگەڵ بنەماكانی مافی مرۆڤ، دژی دیموكراسیەتیشە، لەبەر ئەوە میللەتی كورد هیچ تاوانێكی ئەنجام نەداوە بەشێوەیەكی زۆر ئاشتیانە رووی لە سندوقەكانی دەنگدان كردووە و چارەنووسی خۆی دیاری كردووە، كە ئەوەش لە ماددەی دووی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا، ئەو مافەی بە گەلی كورد داوە، لە جارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو مافە بە گەلی كورد دراوە، لە دەستووری عێراقیشدا لە دیباجەكەیدا دیسان ئەو مافە بە گەلی كورد دراوە، كەواتە گەلی كوردستان هیچ شتێكی پێچەوانەی دەستوور و یاسا نەكردووە، گەلی كوردستان داوای مافی خۆی كردووە، بە پێی هەموو بنەما دیموكراسییەكان، ئەوەش مافێكی ڕەوایە، بۆیە ئێمە لەلای خۆمانەوە ئیدانەی ئەو بڕیارانە دەكەین، بە بڕیاری سزادانانی بە كۆمەڵەی خەڵكی كوردستانی دەزانین.
سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، "ئەو بڕیارانە لە ناوخۆی كوردستان جێبەجێ ناكرێن، لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، حكوومەت و پەرلەمانی خۆمان هەیە، سەرۆكایەتی كوردستان لێرە هەیە، ئەو بڕیارانەی لە سەرۆكایەتی هەرێم و لە پەرلەمان و حكوومەتی خۆمانەوە دەردەچن تەنیا ئەوانە جێبەجێ دەكرێن، ئەوان تەنیا دەتوانن زەخت لە ئێمە بكەن، ئەوانەش بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێ، كە بەڵێ ئێمە لەسەر حەق بووینە كە ئەو بڕیارەمان وەرگرتووە، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەوان لە جیاتی زمانی دیالۆگ، كە كوردستان داوای دەكات، ئەوان زمانی هەڕەشە و زمانی سزادان بەرامبەر بە ئێمە بە كاردەهێنن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێمە دایە، بەڵام گرنگە گەلی كوردستان خۆڕاگر بێت، بەو شتانە ورەی نەڕوخێت، ئەو شتانە وا بكات سوورتر بین لەسەر داخوازییە ڕەواكانی خۆمان".
ڕابین شێروانی




