٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێزی هاوپەیمانان جەختیان لە راهێنانی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق كرد و لە دیدارەکەدا فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان وێڕای بەرز نرخاندنی قارەمانی و قوربانیەکانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر، ئامادەیی هێزی هاوپەیمانانی لە فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی و هەروەها راهێنانی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

ئەمرۆ 4/10/2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال (رۆبرت وایت) فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا دوا ڕەوشی سیاسی و سەربازی ناوچەکە و مانۆرە سەربازیەکانی وڵاتانی درواسێ لە سەر سنوورەکانی هەرێم، هەروەها جەنگی دژی تیرۆریستان تاوتوو کرا و لە لایەن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان لە بەشداریی کارا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر دووپات کرایەوە.

هەر لەم دانیشتنەدا هەدوولا چۆنیەتی فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنی و سەربازیەکانیان تاوتوێ کرد. لە لایەن خۆشیەوە فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان وێڕای بەرز نرخاندنی قارەمانی و قوربانیەکانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر، ئامادەیی هێزی هاوپەیمانانی لە فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی و هەروەها راهێنانی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار