٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد تۆفیق: تاڵەبانی و بارزانی بە هاوبەشی قۆناغی زۆر مێژوویی و گرینگیان بڕی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان باس لەوە دەکات کە (سەرۆک تاڵەبانی) قۆناغی گرینگ و هەستیاری لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) بڕیووە تا گەیشتوون بەوەی ئێستای کوردستان هەیە، بۆیە گرینگە پەیامی (بارزانی) و (تاڵەبانی) ڕەنگ بداتەوە لە کادیرانی خوارەوە و ڕێکخستنی حزبەکاندا.

دوێنێ سێشەممە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا (جەلال تاڵەبانی)، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق کۆچی دوای کرد. (تاڵەبانی) لە ساڵی ١٩٣٣ لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠١٢ تووشی جەڵتەی مێشک بووە، لە دوای کۆچی دواییی (جەلال تاڵەبانی)، لە پەیامێکدا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: ''له‌ده‌ستدانی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك (مام جه‌لال) زیانێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌له‌كه‌مان و به‌ئاسانی پڕ ناكرێته‌وه‌. سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و هه‌موو گه‌لی كوردستان و، برایانی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو ئه‌ندامانیان ده‌كه‌م.''

(ئازاد تۆفیق)، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''(سەرۆک تاڵەبانی) و (سەرۆک بارزانی) خەباتێکی دوورودرێژی مێژوویییان لەگەڵ یەکدی هەیە، قۆناغی گرینگیان لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان بڕی، هەر لە دەستکەوتی شاخ و بەرگریکردن لە خاکی کوردستانەوە تا گەڕانەوە بۆ شار و ڕاپەڕینی کوردستان و هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمان و دەستکەوتەکانی دوای نەمانی ڕژێمی پێشووی عێراق بە هاوبەشی و بە یەکەوە کاریان کردووە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق پێکەوە کاری باشیان کرد بۆ دووبارە بنیادنانەوەی عێراقێکی دیموکرات، کە بەداخەوە عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەیانتوانی هەڵگری ئەو پەیامە بن، بۆیە ئێستا زۆر گرینگە ئاشتی و پەیامی هەردوو (سەرۆک تاڵەبانی) و (سەرۆک بارزانی) لە ناو جەماوەری هەردوو لادا ڕەنگ بداتەوە و ئەرکی قورس و گرنگیان لەبەردەمدایە، دەبێ بە هاوبەشی ئەرکەکان تەواو بکەن، یەکبوونی ئێمە سەرکەوتنی گەلی کوردستانە.''

(ئازاد تۆفیق) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئەو ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەی سەرجەم حزبەکان بۆ کۆچی دواییی (مام جەلال) دەرخەری ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەیە، کە لە کوردستان هەیە. ئێمە دەمانەوێت زامی سەدان ساڵەی گەلی کوردستان ساڕێژ ببێت، نامانەوێت جارێکی دیکە لەژێر دەستیدا بژین، گەلی کوردستان بڕیاری چارەنووسی خۆی داوە، کە بێگومان (سەرۆک تاڵەبانی) دەیان ساڵ لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیی خۆشی پشتیوان و پشتیگیری بووە.''

(ئازاد تۆفیق) دەشڵێت: ''زۆر گرینگە ئەو پێکەوەژیان و کارکردنە هەرەوەزییەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بکرێتە هەوێنی ئاشتی بۆ هەموو لایەک.''

کارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار