راوێژکاری سەرۆککۆمار: عەبادی پێیگوتم پابەندی بڕیارەکانی پەرلەمان نابم و شەڕی کورد ناکەم

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی ١٣ بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوواند کە سەرلەبەری بڕیارەکان نا دەستووری بوون، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەرعەبادی) خۆی لە دانیشتەنەکدا ئامادەبوو، لە ئێستادا بەگوێرەی زانیاری (د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) سەرۆکوەزیران پێی گوتووە کە ئیدی پابەندی ئەو بڕیارانە نابێت کە لە پەرلەماندا دەرچوون.
لەماوەی رابردوودا بەتایبەت لەدوای ئەنجامدانی راپرسیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق بووە شوێنێ بڕیاری سیاسیی و لە ئەرکی خۆی وەک چاودێری و دانانی یاسای بنەمای دەستووری دوور کەوتەوە، ئەوەبوو بە خێرایی و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ١٣ بڕیاری نادەستووریان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوواند. بڕیارەکان کە گشتیی باسی لەشکرکێشی بۆ سەرهەرێمی کوردستان و راگرتنی هێڵی ئاسمانی هەرێم و چەندانی دیکە بوون، لەو بارەیەوە (د.عەبدوڵا عەلیاوەیی) راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق و نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە دوای ریفراندۆمەوە ئەگەرچی تا ئێستا دەست بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا نەکراوە، بەڵام رەنگە کۆچی دوایی (مام جەلال) زەمینەیەک بۆ دیالۆگ دروست بکات، چونکە لەکاتی بەشداریکردنی سەرکردەکان لەوێدا رەنگە یەکترببێنن و گفتوگۆیش لە نێوانیاندا دروستببێ، ئومێدیش دەکەین بەوشێوەیە بێ.
سەبارەت بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق کە سەرلەبەری دژی هەرێمی کوردستان بوون، راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێ، (حەیدەر عەبادی) خۆی پێیگوتم من ناتوانم پابەندی ئەوبڕیارانە بم کە پەرلەمانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستاندا دەریکردوون، جێبەجێیشیان ناکەم و شەڕیش لەگەڵ کورد ناکەم و بڕیارەکانیش تەنیا لە پەرلەمان دەمێننەوە.
بڵند ئیبراھیم




