مام جەلال کۆچی دوایی کرد

هەولێر-KDP.info- کەمێک پێش ئێستا، (جەلال تاڵەبانی) سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، ئەمڕۆ سێشەممە، میدیای فەرمیی یەکێتی، ههواڵی کۆچی دوایی بڵاو کردەوە.
(جەلال تاڵەبانی) سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی 19-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی.
پاشان جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست گهیهندرایهوه ئەڵمانیا، دواتر برایە نەمسا، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2016ەش گەڕایەوە کوردستان و باری تەندروستی باشتر بوو، لەوکاتهشهوه تاوەکو ئێستا ناوەناوە سەرکردە و کەسایەتییەکان سەردانیان دەکرد.
مانگی تەمموزی ئەمساڵیش لهسهر بانگهێشتی لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانێکی دۆستانەی بۆ تاران ئەنجام دا.
(جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی) ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە.
له ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە و لە کاری سیاسییش بەردەوام بووە.
(مام جەلال) لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) ژیانی هاوژینی پێکژێماوه. لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
ئهمڕۆ سێشهممه، (مام جەلال) لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.




