ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی داوا دەکەن بەغدا واز لە هەڕەشەکردن بێنێت
__2017_10_03_h16m27s59__HK.jpg)
سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گرد بوونەوە و تێیدا بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان بەتوندی ڕەت کردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد، ھەرچی زووە ئەنجامی ڕیفڕاندۆم و خواستی گەلی کوردستان بۆ جیابوونەوە لەبەرچاو بگرن.
خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول بە گوێرەی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان لە ڕیفڕاندۆمدا کرد و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بڕیاریان دا لە عێراق جیا ببنەوە. (دلێر نەقشبەندی)، یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند ''گەلی کوردستان ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە لە دەرەوەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، چونکە مافی خەڵکی کوردستانە کە چۆن بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیانەوە دەدەن، ئێمە داوامان لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە ڕێز لە بڕیاری گەلی کوردستان بگرن و ھەرچی زووە ئەو بڕیارانەی بە تاکلایەنە بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان دەریان کردوون، ھەڵبوەشێننەوە، چونکە گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و نابێ بەو ھۆیەوە سزا بدرێت، پێمان وایە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و ھەڕەشەی داخستنی سنوورەکان تەنیا بۆ سزای بەکۆمەڵی ھاووڵاتییانی سڤیلە.''
رێکخراوە مەدەنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی یادداشتێکیان بۆ پەرلەمانی عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بڵاو کردەوە، کە لە چەندین خاڵ پێک ھاتووە و تێیدا هاتووە، ئیتر نابێ جیھان لە ھەمبەر ئەو بڕیارانەی عێراقدا بێدەنگ بێت. (دلێر نەقشبەندی) دەڵێت: ''ھەرێمی کوردستان تاکە ناوچەی عێراقە کە ئارامیی تێدایە، داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلھێزی جیھان ئەوەیە، ڕۆڵی خۆیان ھەبێت لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و پارێزگاری و بەرگری لەو ئەنجامەی ڕیفڕاندۆم بکەن، کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە ئازادانە بڕیاریان داوە. ھەروەھا پێویستە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی، سنوورێک بۆ ئەو ھەڕەشانەش دابنێت کە لە لایەن بەغداوە ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن. داواش لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین، واز لە مانۆڕی سەربازی بھێنن، چونکە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ھیچ کێشەیەکی بۆ وڵاتانی دەوروبەر نەبووە، بگرە زۆریش ھاوکار بووینە.''
قائید میرۆ




