وەحیدە هرمز: ئومێدی مهزنمان لەسەر دەوڵەتی كوردستان هەڵچنیوه

ههولێر-KDP.info- مەسیحییەكان لە رۆژی ریفرەندۆمدا بە بەڵێ دەنگیان دا و دەیانەوێت پێكهاتەیەكی سەرەكی دەوڵەتی كوردستان بن، نوێنەری مەسیحییەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دەنگمان بەڵێ بووە و ئومێدی گەورەمان لەسەر دەوڵەتی داهاتووی كوردستان هەڵچنیوە".
(وەحیدە یاقو هرمز) ئەندامی فراكسیۆنی گردبوونەوەی گەلی كلدانی سریانی ئاشووریی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی، "لە رابردووش داوامان هەر ئەوە بووە، كە سەر بە هەرێمی كوردستان بین، چونكە پێمانوایە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە مافە ڕەواكانی خۆمان دەگەین، بۆیە 25/9 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆمان".
(هرمز) گوتیشی، "ئێدی ئێمە سەر بە كوردستانین، داوای ئێمەش ئەوە بوو كە دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگا و سەر بە دەوڵەتی داهاتووی كوردستان بێت، چونكە ئێمە باوەڕێكی تەواومان بە سەرۆكی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەیە، كە دەوڵەتی كوردستان، دەوڵەتێكی مەدەنی دەبێت و هەموو ئاین و پێكهاتەكان لەو دەوڵەتەدا بە مافەكانی خۆیان دەگەن".
زیاتر لە 84%ی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا، پێكەوە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و زۆرینەیان بە دەنگی بەڵێ داوای سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی دەشتی نەینەوایان بۆ نێو ئەو دەوڵەتە كرد، كە بڕیارە دابمەزرێت.
ڕابین شێروانی




