٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کونسووڵخانەکان و یوئێن لە راگرتنی هێڵی ئاسمانی ئاگادار کراونەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی بەغداوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسووڵی وڵاتانمان لەو ھەنگاوە ئاگادار کردووەتەوە و یادداشتێکی ناڕەزاییمان پێ داون.

ماوەی چەند ڕۆژێکە بە بڕیاری حکوومەتی بەغدا گەشتە ئاسمانییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕاگیراون، داواش دەکەن فڕگەکانی هەولێر و سلێمانی ڕادەستی بەغدا بکرێن، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو داوایەی ڕەت کردەوە، بۆیە تا ئێستا گەشتەکان ڕاوەستاون.

لەبارەی دواین زانیاری بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، (ئومێد محەمەد ساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڕیاری حکوومەتی بەغدا گەشتە ئاسمانییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕاگیران و، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بەر کۆمپانیاکانی ناوخۆیی و بیانی و خەڵک بکەوێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانی لە ھەرێم کار دەکەن، جگە لەوەش خەڵکێکی زۆر ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و، پێویستە لە ڕێگەی بەغداوە بگەڕێنەوە، کە ئەمەش کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە.''

سەبارەت بە ھەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم ئاماژەی بە ھەوڵەکانیان دا و گوتی: ''بەردەوامین و یادداشتێکی ناڕەزایەتیمان داوەتە کونسووڵی ھەموو وڵاتان، جگە لەوەش، بەڕێوبەری ھەردوو فڕگەی ھەولێر و سلێمانیش، یادداشتێکیان ئامادە کردووە و سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە و یادداشتەکەیان پێ داون، بەردەوامیش دەبین تاوەکو گەشتەکان دەست پێ دەکەنەوە.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار