ڕێکخراوەکانی پارێزگای دھۆک دژی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق گرد بوونەوە

دهۆک-KDP.info- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری دھۆک لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شاری دھۆک گرد بوونەوە، دژی بڕیاری سزادانی خەڵکی کوردستان یادداشتێکی ناڕەزایشیان ئاراستەی پەرلەمان و حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
(لاوین حەسەن)، یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەشداریی خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوول بە گوێرەی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، مافێکی سروشتیی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، نابێ بە ھیچ شێوەیەک بەغدا لەسەر ڕیفراندۆم ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان بکات. چونکە ئەو کارە پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤە و بڕیارەکانی بەغدا دەرخەری ئەو ڕاستییەن.''
ئەو چالاکوانە سزای بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان، بە درووستکردنی ئاڵۆزی ناو دەبات: ''بە سزادانی هەرێمی کوردستان و زیانگەیاندن بە ھاووڵاتییانی سڤیل ھیچ کێشەیەک چارە ناکرێت.''
(حەسەن) باسی لەوەش کرد، کە ڕێکخراوەکانی سنووری پارێزگای دھۆک یادداشتێکی ناڕەزاییان بۆ ھەریەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا بەرز کردووەتەوە و گوتیشی: ''داوامان کردووە ھەرچی زووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی بەغدادا بکرێت و، ھەموو ئەو بڕیارانەی بە تاکلایەنە بۆ سزدانی خەڵکی کوردستان دەرکراون، ھەڵبوەشێندرێنەوە.''
ڕێکخراوەکانی سنووری پارێزگای دھۆک لە یادداشەتەکەیاندا داوایان کردووە، ھەردوو لایەنی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ کۆتاییھێنان بە پرسە سیاسییەکان دەست بە گفتوگۆ بکەن، هاوکات ئەرکی وڵاتانی زلھێز و یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیشە بێنە نێو کێشەکان و ڕێز لە بڕیاری گەلی کوردستان دەربارەی سەربەخۆیی بگرن.
قائید میرۆ




