گۆران جەلال: عێراق گەڕایەوە دواوە.. پێموانییە بتوانین بهیهكهوه بگونجێین

ههولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێی وایە مەرجی بەغدا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفرەندۆمی هەرێمی کوردستان شتێکی مەحاڵە و دەشڵێت، بەغدا بۆ خۆی چەندین بڕیاری لە دژی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە، بەڵام بڕیارەکانی جێبەجێ ناکرێن.
(گۆران جەلال) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ھەرێمی کوردستان زۆر ھەوڵی ئەوەیدا بتوانێ عێراقی نوێ لە سەر بنەمای ھاونیشتیمانیبوون و شەراکەتی راستەقینە دروستبکرێتەوە، بەڵام بە داخەوە عێراق دیسان گەڕایەوە دواوە، وەک ٩٠ ساڵی رابردوو زوڵم لە گەلی کوردستان دەکرێت، بۆیە پێموانییە جارێکی دیکە بتوانین پێکەوە بگونجێین و وەک پێشوو بگەڕێینەوە بەغدا".
(جەلال) تەنیا رێگە بە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان وەک چارە ناودەبات و دەشڵێت، "ھەریەکە و رێگەی خۆمان بگرین و میللەتی ئێمەش بگات بە ئامانجی خۆی، ئەویش دیارە گەل چ بڕیارێکی داوە لە ریفرەندۆمی ٢٥ی ئەیلوول، پێش ریفرەندۆم و ئێستا و لە داھاتووشدا، لەو باوەڕەدانین عێراق بێتە ئەو عێراقەی ئێمە ھەموومان خوازیاربووین، کە جێگەی ھەموومانی تێدا ببێتەوە.
دوێنێ نووسینگەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ خاڵی دیکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد، کە یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە، کە بەغدا خوازیارە ھەرێمی کوردستان ئەنجامی ریفرەندۆم ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش مەرجی پێشوەختەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێم، (گۆران جەلال) دهڵێ، "بەغدا دەخوازێت و مەرجی ئەوەی داناوە ئەنجامی ریفرەندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلوول ھەڵبوەشێندرێتەوە، ھەوڵی ئەوەش دەدات، کە ناوەڕۆکی پرسی ریفرەندۆم بەتاڵ بکاتەوە، ئینجا ئامادەی دانوستانە، کە ئەمە شتێکی مەحاڵە و باوەڕ ناکەم ھیچ کەس و لایەنێک بتوانێت ئەو مافە بەخۆ بدات ئەنجامی ریفرەندۆم ھەڵوەشێنێتەوە".
ئهو ئەندامهی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان دهشڵێ، "بەغدا لە دژی ھەرێمی کوردستان، گەلێک مەرج و بڕیاری بۆخۆی دەرکردووە، بەڵام ھەرێمی کوردستان ناچێتە ژێرباری ھیچ مەرج و بڕیارێکی ئێستای بەغدا، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ دانوستان، ھەموو شتێک قابیلی ئەوەیە لەسەری رێكکەوتن بکرێت و دانوستانی لە بارەوە بکرێت، بەڵام مەرجی پێشوەختە و نەخاسمە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفرەندۆم ھەرگیز روو نادات، چونکە ئەمە بڕیاری میللەتە و خەڵکی کوردستان مافی چارەی خۆنووسینی ھەیە.
قائید میرۆ




