٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەڤاڵ: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە نادات ھەڕەشەکان جێبەجێ بکرێن.. پرسی کورد بە نێودەوڵەتی دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، ئەو ھەڕەشانەی لەلایەن عێراق و وڵاتانی دراوسێوە بە ھۆی ئەنجامدانی ریفرەندۆم، لە ھەرێمی کوردستان دەکرێن، ھیچی جێبەجێ ناکرێن، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەیان پێنادات و ئەوانیش لە ترسی ئەوڵاتانە، ناتوانن ھیچ کارێک بکەن.

(د.موسا کەڤاڵ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ئێستادا بە ھۆی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفرەندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، عێراق چەندین سزای بەسەر ھەرێم سەپاندووە و وڵاتانی دراوسێش بە ھاوبەشی لەگەڵ عێراق هەڕەشە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچی جێبەجێ نەکراوە"، ئەو ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەیان پێنادات ئەو کارە بکەن و ھەنگاوی پراکتیکی بھاوێژن.

پێوه‌ست بەوەی دەگوترێت وڵاتان لە ئاست ھەڕەشەکانی عێراق و وڵاتانی ھەرێمی بێدەنگن، ئەو چاودێرە سیاسییە ده‌ڵێ، "ئەگەر ھەر ھەنگاوێک لە لایەن وڵاتان دژی ھەرێمی کوردستان بنرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا بڕیارێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەو وڵاتانە بە دەستدێنن، ئەوکات کێشە بۆ ئەو وڵاتانە دروست دەکەن، پرسی کورد بە نێودەوڵەتی دەکرێت، بە تایبەت وڵاتێکی وەکو تورکیا، بۆیە ناتواندرێت ھیچ ھەنگاوێکی کرداری دژی ھەرێم بنێن".

(کەڤاڵ) گوتیشی، "وڵاتانی ئەوروپا لە ڕووی دیبلۆماسیەوە باس لە یەکپارچەیی دەکەن، بەڵام پشتیش لە ھەرێمی کوردستان ناکەن، چونکە ناکرێت ھیچ وڵاتێک بە ئاشکرا داوای دابەشکردنی وڵاتێکی دیکە بکات، ئەگەر ئەوە بکات، واتا دژایەتی ئەو وڵاتە دەکات".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ ده‌شڵێ، "ھەرێمی کوردستان دوای سەرکەوتنی ریفراندۆم چۆتە قۆناغێکی نوێوە، ئەویش سەربەخۆییە، "بۆیە پێویستە لە ناوخۆی کوردستان ھەمووان پشتگیری بکەن و لە پارچەکانی دیکەش پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان بکەن، لە ڕووی دیبلۆماسیشەوە سیاسەتێکی حەکیمانە بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە، بۆیە ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان، زۆر باش بەرەو پێشەوە دەچێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار