جاف: تا ئێستا بڕیارمان وایە نەگەڕێینەوە بهغدا.. دەمانەوێت گرژییەکان کاڵ ببنەوە

ههولێر-KDP.info- ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا بڕیاریان وایە، فراکسیۆنەکەیان نەگەڕێتەوە بەغداد، دەشڵێت، وەکچۆن فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە بایکۆتی دانیشتنمان کرد، بەو شێوەش پێکەوە بەشدار ببینەوە بۆ سەنگی کورد باشە.
(ئەشواق جاف) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "تا ئێستا وەک فراکسیۆنەکەمان بڕیارمان وایە نەگەڕێنەوە بەغدا"، هۆکارەکەشی بۆ شێواندنی ئەم بارودۆخە لەلایەن بەغداوە دەگێڕێتەوە، هاوکات بۆ درووست نەبوونی گرژیشی دەگێڕێتەوە.
بەغدا چەند مەرجێکی لەسەر گفتوگۆکردن لەگەڵ هەرێم داناوە، ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، کە مانای قبوڵی گفتوگۆی یاسایی و دەستوورییان نییە، چونکە مەرجەکان نەشیاون.
ئەو پەرلەمانتارە داواش دەکات وەک چۆن لە ٢٥ی ئەیلول وەک کورد هەموو فراکسیۆنەکان بایکۆتی ئەو دانیشتنەیان کرد، کە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژێک لە وادەی دیاریکراوی خۆی کە سێ شەممە بوو و پێشی خست بۆ دوو شەممە، کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی پرۆسەی دەنگدانی ریفرەندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، بەو شێوەش ئەو فراکسیۆنانەی چوونەتەوە بەغدا، بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەکەن، "گەر فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بکەن، سەنگی خۆمان لە دەست نادەین، بە پێچەوانەوە گەر هەندێ فراکسیۆن بەشداری بکەن، کورد لاواز دەبێت".
لە بارەی بەشداریکردنیشیانەوە (جاف) ئاماژەی بە دواخستنی بەشدارییکردن لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و گوتی، "لە ئێستادا دەمانەوێت گرژییەکان کاڵ ببنەوە و هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە بەشداری دانیشتنەکان بکەینەوە، ئەویش کاتێک کە بەغدا ئامادەی گفتوگۆی بێ مەرج بێت لەگەڵ هەرێم".
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ چەندین پرۆژە یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بێ ئامادبوونی فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەبنەوە و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، وەک دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان لە سەر هەمواری دووەمی یاسای بانکی ناوەندی، هەروەها دەنگدان لەسەر پڕۆژەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و چەند پڕۆژەیەکی تر.
خێڵان بەختیار




