٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان کەرکووکی: دۆخی کەرکووک ئارامە و بۆچوونی پێکهاتەکانیش ئەرێنییە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان گوتی، دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم دۆخی کەرکووک زۆر ئارامە و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە و ھیچ کاردانەوەیەکیش لە لایەن بەغداوە نەبووە و ڕای پێکھاتەکانی دیکەش لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە ئیجابییە، چونکە خەڵکێکی زۆری  ئەوان بە بەڵێ دەنگی داوە.

دوای ئەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجام درا، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ١٣ بڕیاری دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد و چەندین سزاشی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپاند، کە وەک چاودێرانی سیاسی و یاسایی باسی لێوە دەکەن، ئەو بڕیارانە پێچەوانەی یاسا و دەستوورن، بۆیە تا ئێستاش ھیچ بڕیارێک لەوانە جێبەجێ نەکراوە و جگە لەوەش، ھەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن، بەغدا سزای کەرکووکیش دەدات.

لەم بارەیەوە، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک-گەرمیان، (عەدنان کەرکووکی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە شاری کەرکووک زۆر ئارامە و ھیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە و ڕای پێکھاتەکانیش لە دوای ئەو پرۆسەیەوە زۆر باشە و ھیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە، چونکە جگە لە کورد خەڵکیکی زۆری پێکھاتەکانی دیکەش دەنگی بە پرۆسەی ڕیفراندۆم داوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان.

سەبارەت بە مافی پێکھاتەکانیش، (عەدنان کەرکووکی) گوتی: ''لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە و مافی ھەموو پێکھاتەکانی بەبێ جیاوازی تێدا جێگیر کردووە، بۆیە مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراو دەبێت و مافەکانیان دابین دەکرێت.''

لەبارەی سزادانی کەرکووک بە ھۆی بەشداریکردنی لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەنگدانیان بە بەڵێ، کە لە ھەندێک میدیادا بڵاو دەکرێتەوە، (کەرکووکی) گوتی: ''تا ئێستا ھیچ سزایەکی کەرکووک نەدراوە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا ھەڕەشەی بەغدایە و لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی لێوە دەکرێت، ئەگەرنا ھیچ ھەنگاوێک بۆ سزادانی کەرکووک جێبەجێ نەکراوە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار