٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێویستە هیومان رایتس وۆچ، لە گەمارۆدان و برسیکردنی کوردستانیان، بێدەنگ نەبێ"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، داوای لە رێکخراوی (هیومان رایتس وۆچ) کرد، بەرانبەر بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق کە بریتین لە گەمارۆدان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان، هەڵوێستی هەبێ.

بە مەبەستی تاوتووکردنی هەماهەنگیی نێوان رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) و کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری رەوشی ئاوارە و راگوێزراوان، شاندێکی رێکخراوی ناوبراو کە پێکهاتبوو لە (بەلقیس وەلی) بەڕێوەبەری کاروباری رێکخراوەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و (سارا لی ویتسن) بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ سەردانی نووسینگەی سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانى کرد و لە لایەن سەرۆکی لێژنەوە پێشوازی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ (د. دیندارزێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان شاندی میوان، خۆشحاڵیی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی و دەستخۆشییان لە لیژنەی باڵا کرد بەرانبەر بەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا ئەنجامیانداوە و لەم بارەوە (بەلقیس وەلی) گوتی: دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هاوکاریکردنی رێکخراوەکەمان بەتایبەتی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وەک دامەزراوەیەکی تایبەت لەو بوارە و کاری کۆمیتە لە رێگای تۆڕی پەیوەندییەکانەوە  و میکانیزمی کارەکانی مایەی رێز و ستایشە، چونکە هەر پرسیار و بەدواداچوونێکمان هەبێت لە کاتی دیاریکراو و زووتریش وەڵام و روونکردنەوەی پێویستمان پێدەگات ئەمەش لە وڵاتانی دیکە ئەگەر ئەستەمیش نەبێت ئەوا زۆر زەحمەتە، هەر بۆیە ئێمە لە بەیاننامە و راپۆرتەکانی خۆماندا بەردەوام ئاماژە به کۆمیتە و وەڵامەکان دەکەین، ئەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی باشە و کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەر ناوبانگی حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە بواری رەوشەکانی مافی مرۆڤ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ گوتی: ئەو کارانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون لە رێگای کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان نیشانەی هەستکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکان لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان بۆ بەداواچوونی رەوشی خەڵکی ئەم ناوچانە لە پێکهاتە جیاوازەکان، هەروەها کارەکانی تاسک فۆرسی هاوبەشی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) کە تایبەتە بە دەستگیرکراوانی شەڕی داعش ئەمەش کارێکی ئەرێنییە، چونکە ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە کە وەڵامدانەوەی حکوومەتی هەرێم بۆ نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وەڵامدانەوەی بەغدا بەراورد ناکرێت و حکوومەتی هەرێم زیاتر پابەندە لەم رووەوە و داتا و زانیارییە پێویستەکان لە کاتی خۆیدا پێشکەش دەکات ئەمەش جێگای دەستخۆشی و نیشانەی پابەندییە بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان.

لە بارەی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانیان ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە بەتایبەتی لە دوای شەڕی داعش (بەلقیس وەلی) دەڵێ: لە راپۆرتەکانمان ئامانجمان نیشاندانی سەرنەکەوتنی حکوومەت نییە لە بواری رەوشی مافی مرۆڤ، بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە هاوکاری بین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئێمە هەموومان دەزانین کە شەڕ واتە کاولکاری و وێران کردن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێویستە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێن و پشتگوێ نەخرێن، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوانمان بەردەوام بێت و سوپاسی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ هاوکاری بەردەوام لەگەڵ هیومان رایتس وۆچ بەتایبەتی لە رێکخستنی سەردانەکانمان لە هەرێمی کوردستان و هیوادارین لەم رووەوە بەردەوام بن لەو هاوکارییە.

لەلایەن خۆیەوە (د.دیندارزێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشوازی لەو راپۆرت و لێدوان و هەڵوێستە نێودەوڵەتییانە کردووە کە دەربارەی هەرێمی کوردستان دەردەچن بەتایبەتی ئەگەر بابەتی بن و مەبەست لێیان خستنەرووی واقعی کوردستانە بەتایبەتی لە دوای شەڕی داعش،  و لەم بارەوە زیاتر وتی: ئێمە هەمیشە هاوکاری لایەنە نێودەوڵەتییەکان بووین و سەبارەت بە راپۆرتەکانی هیومان رایتس وۆچ ئێمە بەردەوام زانیاریمان پێشکەش کردووە و لە هەماهەنگییەکی باشین لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەگەڵ یوئێن دەستکراوە بە تاسک فۆرس بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان دەربارەی رەوشی زیندانییەکان لەسەر ئاستی پۆلیس و ئاسایش، بەڵام پێشتر تێبینی ئەوەمان لەسەر کارەکانی هیومان رایتس وۆچ هەبووه کە زیاتر گشتاندن بۆ بابەتەکان دەکرێت و زۆر جۆر وا لێکدەدرێتەوە کە هەر کەموکورییەک هەبێت ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها نابێ راپۆرتەکانتان واقعی نبێت و بە نەفەسێک بنووسرێتەوە کە ببێتە هۆی قوڵتر کردنی برینەکانی نێوان پێکهاتەکان، بەڵکو پێویستە ئاماژە بە حاڵەتەکان بکرێت و کەموکوڕییەکان وەک خۆی نیشان بدرێت.

(زێباری) ئاماژەی بە هەڵسوکەوتی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کرد بەتایبەتی لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان و گوتی: لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان و لەم رووە (سەرۆک بارزانی) رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ مامەڵەکردنی پۆلیس و ئاسایش و ئەمەش بووەتە بنەمای کارکردن لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان، و لە ئەنجامی بەدواداچوونی ئێمە لە چوارچێوەی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان تا ئێستا زیاتر لە (١٦٠٠) خانەوادەی عەرەب گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

لە بارەی راگیراوانی داعش (زێباری) گوتی: دەرگاکان کراوەیە بۆ ئەوەی کارەکانمان زیاتر شەفاف بن سەبارەت بە گیراوانی داعش، پێویستە ژیانیان پارێزراو بێت و تووشی سزا نەبنەوە بەتایبەتی لە بواری تائیفی و مەزهەبییەوە پێویستە مافەکانیان پارێزراو بێت و بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت ئەمەش لە روانگەی پابەندبوونمان بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤەوە.

لە بارەی هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی (عەبادی) و بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان (زێباری) گوتی: پێویستە هیومان رایتس وۆچ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق کە بریتین لە گەمارۆدان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان، ئەمەش پێشێلکارییەکی تەواوی مافی مرۆڤە و سەرپێچییە لە رێزگرتن لە بنەماکانی ژیانی هاوبەش، بەتایبەتی کە لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە کوردستان هەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی ئابووری و نەبوونی بودجە هاوکاری کردوون و ژیانی پاراستوون، بۆیە پێویستە رێگا لەم بڕیارانەی حکومەتی عێراقی بگیرێت، چونکە سزادانی بە کۆمەڵی هەموو پێکهاتە و دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە بەبێ جیاوازی لە جیاتی ئەوەی هاوکارییان بکات و یارمەتییان بدات.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئەمەش لە روانگەی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بنەما و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە مەبەستی گەیاندنی واقعی کوردستان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە بواری رەوشەکانی مافی مرۆڤ.

 

هەواڵی پەیوەندیدار