دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە نێوەندگیری بکات

یەکێتیی ئەورووپا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی کوردستان، نووسراوی فەرمییان بۆ سەرجەم کوتلە و کەسایەتییە سیاسییە گرینگەکانی پەرلەمانی ئەورووپا ناردووە.
(د.دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە لە رێگەی پەرلەمانی ئەورووپاوە گوشاریان دەخەینە سەر بۆ ئەوەی رێز لە خواستی گەلی کوردستان بگرن، ڕێز لە بڕیاری سەربەخۆییی کوردستان لە رێگەی ریفرەندۆمەوە بگرن کە رێگەیەکی دیموکراتی وئاشتیخوازییە. "
وەک (ئاژگەیی) گوتی، لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و ھەموو کەناڵە دیپلۆماسی و پەیوەندییەک دەگرنەبەر، چونکە کەیسی کوردستان کەیسێکی رەوایە.
لەبارەی دواھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپاوە پێوەست بە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی (ئاژگەیی) گوتی، "ئەوان ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ گفتوگۆ لەنێوان ھەرێم و بەغدا، بەڵام ڕاستییەکەی هێشتا ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە لەبارەی داخستنی ئاسمانی ھەرێمی کوردستان، چاوەڕوانین بزانین چ ھەڵوێستێکیان دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




