ئەنیستیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ: بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دەچنە خانەی جینۆساید دژی کوردستانەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنیستیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دژی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقن و دەشڵێت، بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان برسیکردن و ئابلۆقەدانی خەڵک دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.
دەرکردنی بڕیاری سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کوردستان وێڕای ئەوەی پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە، پێشێلکردنی ڕێککەوتنە جیھانییەکانی مافی مرۆڤە.
لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە بەغدا وەک گوشار بۆسەر هەرێمی کوردستان دەری کردوون، (عەلی کەریم) سەرۆکی ئەنیستیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو 13 بڕیارەی پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا بۆ سەپاندنی سزا دژی ھەرێمی کوردستان دەریان کردوون، ھەرچەندە ئەوان ڕەتی دەکەنەوە دژی خەڵکی کوردستان بێت، بەڵام دیارە بڕیارەکان ھەمووی سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستووری ھەمیشەیی عێراقیشە، چونکە بە گوێرەی یاسا نابێ ناکۆکیی سیاسی ببێتە ھۆی قوربانیبوونی خەڵکی سڤیل و برسیکردنیان، ھەر لە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان و ھەڕەشەی داخستنی سنوورەوە ھەتا کۆتایی ھەموویان پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤن، لەبەر ئەوەی لە ڕێککەتنامە نێودەوڵەتییەکانیشدا ئەوە ڕەت کراوەتەوە، کە گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەر ھیچ ھاووڵاتی و میللەتێک.''
بەگوێرەی زانیاریی شارەزایانی یاسا، یەکێک لە بنەماکانی جینۆساید سزادانی ئابووریی میللەتێک، یان کۆمەڵێک خەڵکی دیاری کراوە، سزاکانی عێراقیش بۆ سەر کوردستان دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدێکی دیکەی دژ بە گەلی کوردستان و وەک (عەلی کەریم) ئاماژەی بۆ دەکات: ''ئەگەر بێت و بەغدا ھەر درێژە بەو ڕەوشە بدات، ئەوە بە گوێرەی یاسا دەچێتە خانەی جینۆسایدکردنی میللەتی کوردستانەوە. یەکێک لە بنەماکانی جینۆساید ئەوەیە ئابلۆقە بخەیە سەر میللەتێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراودا و برسییان بکەین. پێویستە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لەمە تێبگەن، کە دەتوانرێ کەیسی نێودەوڵەتی لەسەری بکرێتەوە بۆ ئەوەی ھۆشیار بکرێنەوە و چیی دیکە بە تۆمەتی ڕیفڕاندۆم، یان ھەر پرسێکی سیاسی پەنا بۆ سزای ئابووری نەبەن.''
قاید میرۆ




