سهرۆكایهتیی ههرێم، وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای دایهوه

ههولێر-KDP.info- (د. ئومێد سهباح) گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وهڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دهداتهوه رایدهگهیێنێ، سەرەڕای ئهوهی نە ئەمەریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، بهڵام هیوداره لە رۆژانی دابێ، ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانوستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشدار بێت.
دهقی وهڵامێك بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا:
گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمەریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش و رژێمی سەددام حوسێن، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێز رێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و رێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە 92٪ـی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە 25ـی ئەیلوول داوایان کرد.
ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و، پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد. ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێڕاق رێپێدراوە. ریفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان رەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.
سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە ئەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتوندوتیژیانەی ریفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمەریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ەوە بەردەوامە.
هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانوستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
1ـی 10ـی 2017




