سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان-عێراق، پێشوازی لە بانگەوازی سەید عەلی سیستانی دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان-عێراق پێشوازیی لە بانگەوازی سەماحەتی مەرجەعی باڵا، ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی دەکات و رایدەگەیەنێت کە لەسەر بنەمای بانگەوازی مەرجەعییەت، ئامادەیی دەردەبڕین بۆ دەستپێکردنی دانوستانی جیدی لەگەڵ حکوومەتی عێراق.
دەقی راگەیاندراوی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان-عێراق
ئێمەی نوێنەرانی زۆرینەی پارتە کوردستانییەکان لە (سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان – عێراق)، پێشوازیی لە بانگەوازی سەماحەتی مەرجەعی باڵا، ئایەتوڵڵای عوزما، سەید عەلی سیستانی دەکەین کە لەلایەن نوێنەری مەرجەعییەت بەڕێز (ئەحمەد ئەلسافی)، لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری هەینیی 8ـی موحەررەمی 1439ـی هیجری بەرانبەر 29ـی9ـی2017، خرایەڕوو. لە کاتێکدا پێشوازیی لەو بانگەوازە دەکەین کە هەموو لایەک لەم ڕۆژانەدا یادی سەرکەوتنی پڕەنسیپ بەسەر شمشێردا دەکەنەوە، کە خۆی لە شۆڕشی حوسەین کوڕی عەلی (سەلام و درودی خوای لێ بێت)، دەبینێتەوە.
ئەو بانگەوازە هەنگاوێکی گرینگە بۆ پاراستنی پڕەنسیپەکانمان کە سەرچاوەکەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی توندوتیژی و هەڕەشەیە.
ئەو دەستپێشخەرییەی سەماحەتی مەرجەعی باڵا بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونی ئێمە یەک دەگرێتەوە، کە ئەویش گفتوگۆیە وەکو تاکەڕێگە بۆ چارە کردنی کێشە و بابەتە هەڵواسراوەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە گفتوگۆی بەردەوام میکانیزمی سەرەکییە بۆ دروستکردنی برایەتی و تەفاعولی ئەرێنی و بەرهەمهێنانی ئەنجامی هاوبەش. هەروەها گفتوگۆ دەبێتە هۆکاری نەمانی دیاردەی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی کە ئەوانە هەموویان ئەنجامی بارگرژین لە واقیعی ئێستای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژیان، لە عێراقدا.
بۆیە ئێمە ڕای دەگەیەنین کە لەسەر بنەمای بانگەوازی بەڕێزی مەرجەعییەت، ئامادەییمان دەردەبڕین بۆ دەستپێکردنی دانوستانی جیدی لەگەڵ حکوومەتی عێراق.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان - عێراق
1ـی10ـی2017




