محه‌ممه‌د ئه‌مین پێنجوێنی: دواجار زلهێزان ددان به ئه‌نجامی ڕێفرەندۆمدا ده‌نێن

هه‌ڵەبجە-KDP.info- (محه‌ممه‌د ئه‌مین پێنجوێنی) کەسایەتی و چاودێری سیاسی ڕایده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌و بڕیارانه‌ی حكوومه‌تی عێراق و په‌رله‌مانی عێراق به دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ری ده‌كه‌ن، سیاسین و، لەسەر ئەو باەرەیشە کە له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێز ددان به ئه‌نجامی ڕێفرەندۆمدا ده‌نێن.
(محه‌ممه‌د ئه‌مین پێنجوێنی) لە لێدوانێکیدا بە ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگه‌یاند، ئاشكرایه، كه ته‌واوی ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق دژی هه‌رێمی كوردستان دەریان دەکات، وەک وه‌ستانی فڕۆكه‌خانه‌كان، کە به‌شی مه‌ده‌نی چووه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه، سیاسین، پەیوه‌ندییان به یاساوە نییه.
دەگوترێ کە له پاش به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی ڕیفرەندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر گه‌لی كورد دۆست و دووژمنه‌كانی بۆ ده‌ركه‌وتن و، (پێنجوێنی)ـیش جەخت دەکاتەوە: "ڕیفرەندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان دۆست و دووژمنی گه‌لی كوردستانی دیاری كرد، كه چۆن عه‌ره‌بی شۆڤێنی سوننه و شیعه له په‌رله‌مان و حكوومه‌ت دژی خواستی گه‌له‌كه‌مان ده‌وه‌ستنه‌وه. بۆ نموونه (سه‌لیم جبووری) سه‌رۆكی په‌رله‌مان، عه‌ره‌بی سوننه‌مه‌زهه‌به، بە درێژاییی شه‌ڕی داعش داڵده‌ی خۆی و عه‌شیره‌ت و هه‌زاران سوننه‌كان له لایه‌ن كوردستانه‌وه درا، شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تیان پارێزرا، به‌ڵام كاتێك هاته سه‌ر سزادانی هەرێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت نه‌ڕۆیشته سه‌ر تەرمەکەی باوكی، بەڵکو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بێت له‌و یاسا ناحه‌ق و نایاساییانەی كه دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركران، ئامادەی پەرلەمان بوو".
ئەو کەسایەتییە سیاسییە، باوەڕیشی وایە،کە چونکە ئه‌و یاسایانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ریکردوون سیاسین و پشتیوانی یاساییان نییه، جێبه‌جێی ناكرێن و "وه‌ك مره‌كه‌بی سه‌ر كاغەز ده‌مێننه‌وه."
وڵاتانی زلهێز دژی ڕیفرەندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان نەبوون و، تەنیا تێبینییان لە كاتەکەی هەبوو، ئێستایش ئەو وڵاتە زلهێزانە دەڵێن ددانی پیدا نانێن، (پێنجوێنی) روونی دەکاتەوە، کە گەلی کوردستان ڕیفرەندۆمی ئه‌نجام داوه، سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به ده‌ست هێنا و بڕیاری وڵاتە زلهێزەکان به‌رانبه‌ر به هەرێمی کوردستان نەرمە، گوتیشی "ته‌نانه‌ت وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك فه‌ڕه‌نسا به عێراق دەڵێت، ده‌بێت ددان به مافی هەرێمی کوردستاندا بنێت، زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هەرێمی كوردستان فرسه‌تی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه و ده‌بێت ببێت به ده‌وڵه‌ت، كه من گه‌شبینم له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا ته‌واوی وڵاتان ڕایان ده‌گۆڕێت، ددان به ئه‌نجامی ڕیفرەندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستاندا ده‌نێن".
هەروەها (پێنجوێنی) داوایش دەکات پڕۆسه‌ی ڕیفرەندۆم بكرێته ڕۆژی ئاشته‌وایی و یه‌كڕیزیی هەرێمی كوردستان، "ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان یه‌كڕیز بین، كوردستان به سه‌ر ته‌واوی كۆسپه‌كاندا سه‌رده‌كه‌وێت، پیلانی دوژمنان پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه".
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی




