هێمن هەورامی بۆ کونسووڵی چین و هۆڵەندا: پاشەکشەکردن لە سەربەخۆیی مەرگە و گەلی کورد ڕژدە لەسەری
__2017_09_30_h17m45s38__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە دوو دانیشتنی جیادا، (هێمن هەورامی) تەئکیدی لەوە کردەوە، گەلی کوردستان بە کەمتر لە سەربەخۆیی ڕازی نابێت، گەر جاران ئەمە قسەی سەرکردایەتی و سیاسییەکان بووبێت، ئێستا گەلیشی هاتووەتە پاڵ و (سەرۆک بارزانی) دەنگی گەلی کوردستان ناگۆڕێتەوە بە هیچ دەنگێکی دیکە.
(هێمن هەورامی)، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پێوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک، ڕۆژی ٢٨ی ٩ی ٢٠١٧ بە جودا پێشوازی لە هەردوو کونسووڵی چین و هۆڵەندا لە کوردستان کرد.
(هێمن هەورامی) بە وردی ستراتیژیی (سەرۆک بارزانی) و سەرکردایەتیی کوردی بۆ هەردوو کونسووڵی چین و هۆڵەندا خستە ڕوو. (هەورامی) لە قسەکانیدا چەند پەیامێکی گەیاند، کە جاران سەرکردایەتیی کوردستان و (سەرۆک بارزانی) باسی سەربەخۆییی کوردستانی عێراقیان کردبێت، ئەوا خوێندنەوەیەکی سیاسییانەی بۆ دەکرا، بەڵام دەبێ ئێستا وڵاتانی دنیا و ناوچەکە لەوە تێبگەن، کە ئەمە خواستی میللەتێکە و پاشەکشەکردن لێی، مەرگە و، کوردستان بە کەمتر لە سەربەخۆیی ڕازی نابێت، ئەمە واقعێکی تازەیە و دەبێ وڵاتان قبووڵی بکەن.
(هەوارمی) ئەوەیشی گوت: گەر لە ڕابردوودا هێزێک، یان حزبێک خەباتی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانی کردبا، ئەوا لە ناوچەکەدا بە تێکدەر و هەڵوەشێنەری سیادە ناویان دەبرد، ئەو سیادە دەستکردەی وەک زیندانێک بە زۆرەملێ نەتەوەگەلێکیان تێدا کۆ کردووەتەوە، بەڵام ئێستا گەلێک داوای ئەم مافە دەکات، دەبێ ئەم ڕاستییە قبووڵ بکرێت. خۆ ئەمجار بەتەما نین گەلێک لەنێو بەرن بۆ بەرژەوەندییەکانیان.
(هەورامی) لە درێژەدا گوتی: سیاسەتی (سەرۆک بارزانی) گفتوگۆیە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکە و، گفتوگۆ و دایەلۆگ بە تاکە ڕێچارە دەزانێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی (هەورامی)دا ئەوە دەرکەوت، کە ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ دەکەن و (سەرۆک بارزانی)ش دەنگی گەل بە هیچ دەنگێکی دیکە ناگۆڕێتەوە.
لە لایەن خۆیانەوە هەردوو کونسووڵی چین و هۆڵەندا هیوایان خواست سەرکردایەتیی کورد بە گفتوگۆ دەنگی کوردستانیان بپارێزن.
سەنگەر هەورامی




