٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

وەزیری بەرگریی بەریتانیا بۆ سەرۆک بارزانی: ئێستا كە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە داوا دەكەم دەست بە گفتوگۆ بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (مایكل فاڵن) وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە نامەكەیدا بۆ (سەرۆك بارزانی) نووسیویەتی: "ئێستا كە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە داواتان لێ دەكەم كە دەست بە گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بكەن لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان تاكوو بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ هەموو لایەك و بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و هێمنانە".


لە بیست و حەوتی ئەیلوولی 2017ـدا (مایكل فاڵن) وەزیری بەرگریی بریتانیا لە نامەیەك بۆ بەڕێز (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكات بۆ میوانداری و ئەو گفتوگۆ ڕاشكاوانەیە كە لەكاتی سەردانیدا بۆ كوردستان لەنێوان ئەو و (سەرۆك بارزانی) پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە.

لە بەشێكی تری نامەكەدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا ستاییشی گەلی كوردستانی كردووە كە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی تیرۆر بوونە و هەزاران شەهید و قوربانیان لەو شەڕە داوە و دەستخۆشیشی كردووە كە سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی گەورە هاوسەنگی لە حوكمڕانیی كوردستان ڕەچاو كراوە.

(مایكل فاڵن) وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە بەشێكی تری نامەكەیدا بۆ سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: "ئێستا كە ڕیفراندۆم ئەنجام دراوە داواتان لێ دەكەم كە دەست بە گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بكەن لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان تاكوو بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ هەموو لایەك و بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و هێمنانە".

وەزیری بەرگریی بریتانیا لە كۆتایی نامەكەیدا هانی (سەرۆك بارزانی) دەدات كە بەردەوام بن لە شەڕی داعش بە جۆرێك كە ڕێگە نەدرێت دووبەرەكی بكەوێتە نێوان كوردستان و عێراقییەكان لە شەڕی دژی تیرۆر و ناوچە ئازادكراوەكان بە هێمنی و ئارامی بمێننەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار