مەحموود عوسمان: پەرلەمانی عێراق بووەتە ئەنجوومەنی جەنگ

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری کورد (د.مەحموود عوسمان) لە وەسفی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئێستادا سزای سیاسیی بۆ کوردستان دەردەچوێنێ و هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات دەڵێ، پەرلەمان بووەتە ئەنجوومەنی جەنگ.
سیاسەتمەداری کورد (د.مەحموود عوسمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باسی پەرلەمانی عێراقدا دەڵێ، "پەرلەمان بووەتە ئەنجوومەنی جەنگ و بڕیارە توندە نایاساییەکانی لێوە دەردەچێ، ئاخر ئەمە چ رەوایەتییەکە کە حکوومەتێک لەو پەرلەمانە بێ و داوا لە وڵاتانی دراوسێی خۆی بکات و هانیان بدات کە گەلەکەی سزا بدات."
کورد لە دوای ٢٠٠٣ـوە بەگوێرەی شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی بەغدایان فێری حوکمرانی کرد بۆ شەراکەت و دیموکراسی و پێکەوەژیان، بەڵام زۆری نەبرد کاربەدەستانی بەغدا کەوتنە دژایەتی هەرێمی کوردستان و جارێکی دیکە بۆ نیەتی رژێمەکانی پێشووی عێراق گەڕانەوە و دەستیان کرد بە ستەمکردن لە خەڵکی کوردستان.
(د.مەحمود عوسمان) دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ستەمکردنی رژێمەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان کە ١٠٠ ساڵە رژێم لە دوای رژێم دێ و کورد دەچەوسێنێتەوە و هەموویان رەگیان لە شۆڤینییەوەیە، بۆیە ئەوانەی ئێستایش لەو رەگە شۆڤینییەوە دێن کە بەشێکی سوونە و شیعە لەسەری رێککەوتوون کە دژایەتی کوردستان بکەن.
سەرنجی شارەزایان لەسەر ئەوەیە کە بۆچی بەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەغدا لە پەرلەماندا بڕیار دەردەکات، (مەحموود عوسمان) دەڵێ، لەبەر ئەوەی کە ئەو بڕیارانە سرووشتی نین و دەستی سیاسین و دەیانەوێ بە ئاشکرا دژایەتی کوردی پێبکەن، سەیر لەوەدایە هیچ کامێک لەو بڕیارانە دەستووری و یاسایی نین، بۆیە تا بە مەرامێکی سیاسی گوشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، جا نازانرێ لە داهاتوودا جێبەجێی دەکەن یان تەنیا بۆ مەرامی سیاسی بەکاری دێنن.
بڵند ئیبراھیم




