د. موسەننا ئەمین: ئەوەی عەبادی و پەرلەمان بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکەن، تاوانی جەنگە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، (د. موسەننا ئەمین) هۆشداری دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بەو بڕیارانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیدات و دەڵێت، ئەوە تاوانی جەنگە.
لەگەڵ وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفرامدۆمی سەربەخۆییی کوردستان، کە گەلی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٢% دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، بەغدا زیاتر کەوتووەتە گوشارەوە و، لێرەوە ئەوەی گرینگە بزانرێت، ئایا بە چ دەستوور و یاسایەک لە عێراقدا ڕێگە بە سەرۆکوەزیرانەکەی دەدرێت، خەڵک بتۆقێنێت و بڕیاری لەشکرکێشی بۆ سەر گەل بدات؟ وەک ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراقدا بینرا، کە بە چەندین بڕیاری هەڕەشەئامێز و دوور لە پەیڕەوکردنی دەستووری عێراق بە ئامادەبوونی (عەبادی) بڕیاریان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد. لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، (د. موسەننا ئەمین) دەڵێت: ''بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دژی ھەرێمی کوردستان نادەستووری و نایاسایین و ڕاگەیاندنی شەڕە دژی ھەرێمی کوردستان و سزایەکی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانە و لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە مافی سەرۆکوەزیران نییە ئەو بڕیارانە دەربکات، کە سنوور دابخات و لەشکرکێشی بکات و مافی ئەوەشی نییە، خەڵک بتۆقێنێت.''
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، کاربەدەستانی بەغدا کەوتوونەتە حاڵەتێکی نائاساییەوە و لەجیاتی ئەوەی کە شەرعییەتی گەلی کوردستان قبووڵ بکەن، کە بە گوێرەی دەستوور مافی ڕەوای گەلی کوردستانە بڕیار بدات و بە گوێرەی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٥١دا مافی گەلانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەغدا پەنای بۆ بڕیاری شۆڤێنی بردووە و بە بەرچاوی کۆمەڵگەی دەولییەوە هەڵە بە دوای هەڵەدا دەکات، (د. موسەننا ئەمین) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ئەو بڕیارانەی دژی ھەرێمی کوردستان دراون ھەڵەیەکی گەورە و نادەستووری و نایاسایین و ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ئەو بڕیارانە ڕەت دەکەینەوە.''
لە سادەترین سەلماندن بۆ ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق پێشێلی دەستووری کردووە، لە دەستووردا هاتووە، پێویستە ھەر بڕیارێک لە پەرلەمان بدرێت، بە تەوافوق بێت، نەک بە زۆرینە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان دەرکراون. سەبارەت بەم پێشێلکارییە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ''ھەر بڕیارێک لە پەرلەمانی عێراق بدرێت پێویستە بە تەوافوق بێت، لەبەر ئەوەی لە دەستووردا بەم شێوەیە، بۆیە ئەو بڕیارانە لە کاتێکدا دراون، کە کورد بایکۆتی کۆبوونەوەکانی کردووە و ڕای کوردیشی لەسەر وەرنەگیراوە.''
لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا تاوەکو ئێستا چەندین بڕیار و پڕۆژەیاسا پەسەند کراون، بەڵام تا ئێستا ھیچی جێبەجێ نەکراون و بگرە حکوومەت ھەر گوێ لە بڕیارەکانی پەرلەمان ناگرێت و بە ئارەزووی خۆی بڕیار دەدات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ ئەمەیشان دەڵێت: ''پەرلەمان ھیچ کاتێک بڕیارەکانی جێبەجێ نەکراون، بۆیە ئەوەی ئێستا دەکرێت شلەژان و ھەستکردنە بەبێ دەسەڵاتی لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئەو بڕیارانەی داوە.''
لە دەستووری عێراقدا و بە پێی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٧دا نابێت ھێزی عێراقی بەرانبەر ھیچ پێکھاتەیەک لە عێراق بەکار بێت و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە پێدراو نییە، (ئەمین) لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد: ''دەسەڵاتی بەغدا تاوەکو نەکەوێتە مەترسییەوە، نە دەستوور و نە یاسا ناناسێت و ئێستاش لە جیاتی ئەوەی بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی داوای گفتوگۆ بکات، باسی ھێنانی ھێز دەکات بۆ کەرکووک، کە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە و ڕێگا نادات ھێز دژی ھیچ پێکاھەتەیەک بەکار بێنێت و لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و عێراقیشدا نابێت عێراق ھێز بەرامبەر ھیچ پێکھاتەیەکی خۆی بەکار بێنێت، ئەمەریکا بەو مەرجە عێراقی جێ ھێشتووە.''
(ئەمین) ڕاشیگەیاند: ''ئەگەر پەرلەمان سەری لێ نەشێوابێت و (حەیدەر عەبادی) لە یاسا و دەستوور بزانێت، گەمارۆدانی خەڵک لە سنوور و فڕۆکەخانەکان تاوانی جەنگە، تەنیا لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆمیان کردووە، ئەمە بە ناوی پەرلەمان و یاسا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەمە سەرلێشوان و سەرگەردانییە.''
بڵند ئیبراھیم




