عەلی عەونی: هەموو دنیا لەگەڵ كوردستان دەبێ و عێراق بەتەنیا دەمێنێتەوە

هەولێر -KDP.info-(عەلی عەونی) دەڵێت، ئێستا کۆمەڵگەی دەولی هەڵوێستی گۆڕاوە و هەموو دنیا لەگەڵ کوردستان دەبێ و ئیدی عێراق بەتەنیا دەمێنێتەوە.
لە سكۆتلەندا بریاری ئەنجامدانی راپرسی درا، بەڵام (دێڤید کامیرۆن)ی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا لە میدیاكانەوە بە گریانەوە دەیگوت: ''سكۆتلەندا بەشێكە لە جەرگی بەریتانیا، ئێمە بەبێ برایەتی و هاووڵاتیبوونی سكۆتلەندا بارمان زۆر گرانە. با سكۆتلەندییەكان داوا بكەن و ئێمەش جێبەجێی دەكەین، تەنیا بەجێمان مەهێڵن.'' ئەوەش هۆكاریك بوو كە سكۆتلەندا جیا نەبووەوە، بەڵام دوای راپرسییەکەی هەرێمی كوردستان عێراق لە ماوەی تەنها (2) ڕۆژدا هەڕەشەی لە هەرێم كردووە و گفتوگۆی ڕەت كردووەتەوە و لە هەوڵدایە ئابلۆقە بخاتە سەر هەرێم.
کەچی لە ئێستادا عێراق لەسەر هەمان سکەی رژێمەکانی رابردوودا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان هەڵە بەدوای هەڵە دەکات، سەبارەت بەمە (عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''حكوومەتی عێراق لە هەڵەیەكەوە بۆ هەڵەیەکی دیکە دەچێت، ئەوەتا ڕەوشەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هیچ ڕێگایەك بۆ ئێمە نەماوەتەوە و ئێمە نائومێدین لێی. كورد لە 2003وە چاوەڕێی ئەم حكوومەتە نوێیەی عێراقە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر و خراپتر دەبێت.''
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئێستا (مالیکی) سەرکردایەتیی ئەو ڕەوتە توندڕۆیە دەکات، کە لە پەرلەمانی عێراقدا دژی هەرێمی کوردستان دەجووڵێتەوە، ئەمە سیاسەتە رەگی لە تاکڕۆیی و تائیفیی و شۆڤینییەوە گرتووە و جارێکی دیکە دەیانەوێ گەلی کوردستان بە تەواوەی پێکهاتەکانەوە بە سەختی سزا بدەن، بەڵام، باوەڕی (عەونی عەونی) وایە کە عێراق لەسەر هەڵەكانی هەر بەردەوامە، ئەوەتا لەبەرانبەر ڕیفراندۆمەكەی هەرێمدا دەستی بۆ كۆمەڵێك بریاری دژ بە هەرێم بردووە لە پەرلەمانە شڕەكەی و، هەموو پۆستەكانی عێراق لە كورد وەردەگرێتەوە، وادەزانن مڵكی باوكیانە و بەخێر بە كوردیان داوە، ئەمەش وادەكات وڵاتانی جیهان پشتی ئێمە بگرن.
ئێستا کۆمەڵگەی دەولی بە نەرمی لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات، لەبارەی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی دەولیدا، (عەلی عەونی) دەڵێت: ''پێشی حەفتەیەك و بەر لە ڕیفراندۆم هەموو دنیا دژی ئێمە بوو، بەڵام دوای ڕیفراندۆم هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە، چونكە ئێمە دوای ڕاپرسی گوتمان گفتوگۆ دەكەین، بەڵام عێراق ڕەتی دەكاتەوە، بۆیە هەموو دنیا لەگەڵ ئێمەیە و عێراق بەتەنیا ماوەتەوە. ئێمە سوپاسی ئەم حكوومەتە گەڕ و گەوجەی عێراق دەكەین، كە بە بڕیارەكانی وا دەكات، ئێمە دوور و دوورتر بین لە عێراق، ئاخر زۆر سەیرە لە یەك ڕۆژدا كەڕەتێك بڕیار لە دژی ئێمە دراوە.''
(عەونی) جەختیشی كردەوە: ''دەبێ حكوومەتی عێراق هۆشی بینێتەوە سەرخۆی و هەرزەكارانە هەڵسوكەوت نەكات، ئێمە 26 ساڵە دراوسێن و ئیدی كاتی ئەوە هاتووە دوو وڵاتی دراوسێ بین.''
سەرباز واحد




