کاروانی: بە شەرعیەتێکی نوێوە بەرگری لە ناوچە کوردستانییەکان دەکەین

ھەولێر -KDP.info-(ئەبوبەکر کاروانی) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، بەغدا دەستی لە ھەرێمی کوردستان شتووە و دەزانن بە کەڵکی ئەوە نەماوە وەک بەشێ لە عێراق بمێنێتەوە. دەشڵێ، ھەڕەشەکانی عێراق ھەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی کورد بۆ ھێڵی سەوز و سنوورەکانی پێش ٢٠٠٣.
دوێنێ (٢٧-٩-٢٠١٧)، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرانی (بەرگریی، ناوخۆ، نەوت، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و سوپاسالاری عێراق) گەیشتنە پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتووکردنی ڕاپرسیی سەربەخۆییی کوردستان.
پەیوەست بەم پرسە، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرووی ئیسلامی (ئەبوبەکر کاروانی) پێی وایە، ھەڕەشەکانی (عەبادی)، جەنگی دیاریکردنی سنوورە.
(کاروانی) لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیس بووک لەوبارەوە زیاتری نووسیوە و دەڵێ: "پێشتریش گوتوومە مەسەلەکە جیددیە و پاشەکشە چارەسەر نییە و، ئامانج ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمە. ڕیفراندۆم بکەین و نەکەین دوای کۆتاییھاتنی جەنگی داعش، دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕازی نابن ئەو ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدا بمێننەوە، ئێستایش ئەوەی بە نیازنی و ئەگەری ھەیە ھەمان شتە، واتە ھەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی کورد بۆ ھێڵی سەوز و سنوورەکانی پێش (٢٠٠٣)، خۆ ئەگەر ئەوەیان پێنەکرا، بە شەڕ نەک بە دیالۆگ، ھێڵێکی نوێی سنوور بکێشن. مەبەستمە بڵێن ئەوان تازە دەستیان لە ھەرێم شتووە و دەزانن بە کەڵکی ئەوە نەماوە وەک بەشێ لە عێراق بمێنێتەوە."
پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداریی نوێنەرانی کورد و لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕاپپرسی بە زۆرینەی فراکسیۆنە عەرەبەکان ( ١٢) بڕیاریان دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد. سەرەکیترینی، ڕێدان بوو بە حکوومەتی عێراق، هێز بە کار بێنێ.
(ئەبوبەکر کاروانی) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە: "گەر بەغدا جەنگیش ھەڵگیرسێنێ، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بەرەنجامی ڕیفراندۆم نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە وەڵامی داخوازیی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەپێناو دیاریکردنی سنوور بە ھێز و خوێن بدەنەوە و، یەکلایەنە سنوورەکانی دەوڵەتی داھاتووی کوردستان دیاری بکەن و زۆرترین خاک و قەڵەمڕەو لە ژێر چنگی پێشمەرگە دەرکەن. ئەمە خواستی ئەوانە، مەرج نییە وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بچێتە سەر، ھەر چۆنێ بێت لە حاڵەتی ھەڵگیرسانیدا، دوایەمین جەنگی کورد لە عێراقدا سنوورەکان دیاری دەکات، ھەر بۆیە سەرکەوتن تیایدا چارەنووسسازە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو نووسیویشیەتی: "خوای گەورە پشتیوانی گەلەکەمان بێت دژ بە شەڕخوازانی حەقنەویست و ئیرادەی خێر و چاکە و، چارەسەر بەسەر لۆژیکی شەڕ و ملھوڕیدا سەرخات. لە بیریشمان نەچێت لە ئێستادا بە پشتبەستن بە شەرعیەتێکی نوێی میللییەوە کە ڕیفراندۆم دەستەبەری کردووە، بەرگری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەکەین، کە ئەوەش ئاماژە و مانای نوێ بە ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر جەنگێکی نەخوازراو دەدات."
فایزە کۆیی




