٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان: په‌رله‌مانی عێراق، بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەمان بیر دێنێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

هەڵەبجە-دهۆک-KDP.info-  بە بڕوای پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی، کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێک لە هیچ روویێکەوە، بەڵکوو دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ هەموو وڵاتان چ لە رووی ئابووری و چ لە رووی سیاسییەوە. مامۆستایێکی زانکۆیش جەخت دەکاتەوە، بڕیاربەدەستانی ئێستای عێراق، بەهەمان ئەقڵیەتی (سەددام) مامەڵە لەگەڵ گەلی کوردستان دەکەن.

دوێنێ چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران(عەبادی)، بڕیارگەلێکی دەرکرد کە هەر هەمووی سزادانی گەلی کوردستانە لە بەرانبەر ئەوەی لە ٢٥ـی ئەم مانگەدا بریاریان لە مافی چارەنووسی خۆیان دا کە سەربەخۆییە.

لەمبارەوە (سلێمان شێخ نەبی) پسپۆڕی یاسایی نێودەوڵەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "پاش سەرکەوتنی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی، وڵاتانی دەروبەر هیچ رێگایەکی دیکەیان لە دەست دا نەماوە جیا لە جەنگی راگەیاندن لە دژی هەرێم نەبێ، ئەو جەنگەش عێراق، ئێران و تورکیان و سەرکێشی دەکەن، ئەوان دەیانەوێ ئەو ئەنجامەی ڕاپرسی تێک بدەن."

هەرچیی (عادل سدیق) مامۆستای زانكۆی هه‌ڵه‌بجەیە،‌ به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بڕیارەکانی ئەم چەند ڕۆژەی په‌رله‌مانی عێراق خوێی کردەوە بە شابرینی بێمتمانەیی نێوان ناوەند و هەرێم، بە جۆرێک پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدای تا ئاستی داڕووخان بردووە. ڕاستییەکەی بڕیارەکان لە ڕووی داڕشتنەوە زۆر جیاواز نین لەگەڵ بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە تەنها زەمەنەکەیان جیاوازە."

سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان چەندان جار جەختی کردووەتەوە، فەرمانڕانانی عێراق، بە هەمان لۆژیکی ڕژێمی پێشوو مامەڵە لەگەڵ گەلی کوردستاندا دەکەن، هەر بۆیە ئێستایش بە زمانی هەڕەشە بەرەوڕووی بڕیاری کوردستانیان دەبێتەوە، بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێیش، ئێستا خەریکی ئەوەن لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە گوشار بخەنە سەر هەرێم.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ گوتی: "ئومێودێک هەبوو دوای ڕووخانی بەعس دێوەزمەی سیاسەتە نەگریسەکانی بەعس بەرامبەر بە کورد کۆتاییان پێ بێت، بەڵام بەداخەوە دوای نزیکەی چواردە ساڵ لە کۆتاییهاتنی ئەو ڕژێمە، هێشتا دەیان بڕیاری بەعس لە جێگەی خۆیانن، عەقڵیەتەکان لە ناوەند هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە، سیاسەتەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی بەغدا بەرانبەر بەکورد هیچ بوارێکی لەبەردەم کورددا نەهێشتەوە، جگە لە بڕیاری جیابوونه‌وه‌ له‌ به‌غدا."

(عادل سدیق) جەخت دەکاتەوە: "ئەگەر سەردەمی بەعس ڕووی دەمی سەرکردایەتیی کورد تەنهاوتەنها لە (سەددام حوسێن) و بەعسییەکان بووبێت، ئەوا ئێستا دەیان کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوی خاوەن هەمان عەقڵییەت، بەڵام بە شێواز و میکانیزم و بە ناوی ترەوە لە بەغدا هەن، لە هەر شتێکدا ناکۆک بن لە بابەتی کورددا کۆک و تەبان، ئەوەی خۆیان بڕوایان پێی بێت هەرئەوەیە."

ئەو نموونە بە گوتەیەکی (ساڵح موتڵەگ) دەهێنێتە بەر باس کە لە سەرەتای نووسینەوەی دەستووردا گوتوویەتی، ئەوان ئێستا دەستیان شکاوە، هەر ڕۆژێک دەسەڵات بگرنەوە دەست و خۆیان ڕێک بخەنەوە، هەمان سیاسەتی بەعسییەکان دووبارە دەکەنەوە و، لەو سۆنگەیەوە (سدیق) دەڵێ "ئێسته‌ شێتانه‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستی داوه‌ته‌ دژایه‌تیی گه‌لی كوردستان."

پسپۆڕەکەی یاسای نیودەوڵەتییش لەسەر ئەو باوەڕەیە، "ئەگەر گوشاری وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان درێژەی هەبێ، ئەوا بە خراپ بۆیان دەگەڕێتەوە، چونکە کوردانی ئەو وڵاتانە دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و دەبنە کێشە بۆ ئەو وڵاتانە."

هێڤیار هەڵەبجەیی- کــــــاروان بـــــاعــــــەدری

هەواڵی پەیوەندیدار