نەبەرد کاکەڕەش: پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە زیادبووندایه.. بڕیارە نایاساییەکانی بەغدا سەرناگرن

ھەولێر -KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، ھەنگاو و بڕیارە نایاساییەکانی پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا ھۆکاری سەرەکی ھەنگاوی گەلی کورد بووە بۆ ڕیفراندۆم، لە ئێستادا زیاتر ڕوون دەبێتەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەوا شیعە گەرێتی لە عێڕاقدا گەیشتۆتە لوتکە و بۆ مەرامی خۆیان ھەوڵ دەدەن تەواوی ڕێکارەکان بگرنە بەر بۆ لەبار بردنی دەوڵەتی کوردستان.
پەیوەست بە ھەڕەشەو بڕیارە نایاساییەکانی پارلەمانی بەغدا دوای سەرکەوتنی کوردستان لە ڕیفراندۆم بە ڕێژەی (٩٢,٧٣) بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، چاودێری سیاسی و دەرچووی زانسیتە سیاسییەکان (نەبەرد نیازی کاکەڕەش) بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەچەند مانگێک پێش ھاتنی داعش ھاوپەیمانی شیعی ھەوڵیاندا کە بە زۆرینەی پەرلەمانی یاسا و بڕیارەکان لە پەرلەمانی عێڕاقی بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان بەڕێ بکەن، دوای شکستی ھێزە سەربازیەکانی عێڕاق بەرانبەر داعش و لە دەست دانی ناوچەی عەرەبی سوننی و لەھەمان کاتدا بڕینی بودجەی دارایی ھەرێمی کوردستان ھێزە شیعەکان بوونە تاکە ھێزی سیاسی لە عێڕاق جگە لە ھەرێمی کوردستان و بودجەی تەواوی ناوچە سوننیەکان و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان دەگەڕایەوە و بەم ھەنگاوەش ھێزە شیعیەکان لە ڕووی داراییەوە بوونە خاوەن داراییەکی بەھێز و بە بیانوی شەڕی داعش ھێزی حەشدی شەعبیان دروست کرد و، بەم داراییەی دەستیان کەوتبوو ئەم ھێزە پڕ چەک دەکرا و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت و تا ئێستاش بەردەوامن."
(کاکە ڕەش) گوتیشی: "لە ھەنگاوی دووەمدا ھەستان بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگری عێڕاقی کە عەرەبی سوننە بوو و بەماوەیەکی کەمیش وەزیری دارایی کە لە پشکی کورد بوو لابرا و جێگرانی سەرۆک وەزیرانیش له پۆستهكانیان لادران، ئەم ھەنگاوانەی ھێزە شیعەکانیش تەواو بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و داڕێژەرەکەشی خودی ئێران بووە و لەلایەن (مالیکی)ەوە جێبەجێ کران و (عەبادی)ش لە قۆناغی دواتر جێبەجێکار بووە و ئێستاش بەردەوامی ھەیە، لە دوای ھەنگاو و بڕیاری ڕیفراندۆمیش شیعەکان توشی شۆک بوونەو لە ڕێگای پەرلەمانەوە بۆ پەردە پۆش کردنێکی یاسایی و زۆرینەی سیاسی شیعی بەھاوکاری تورکمان و بەشێک لە سوننەکان بڕیارەکانی ڕەت کردنەوەی ڕیفراندۆم و لابردنی پارێزگار و دوای ڕیفراندۆمیش کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی و دبلۆماسی و ئابوری و سەربازیان دەرکردووە کە سەرلەبەریان نادەستوورین، چونکە پەرلەمانی عێراق بەپێی عورفی دەستووری و یاسایی و سیاسی دەبێت بە تەوافوق یاسا و بڕیار دەربکات."
ئەو چاودێره سیاسییە دەشڵێت: "ھەنگاو و بڕیارەکانی پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا ھۆکاری سەرەکی ھەنگاوی کوردستانیان بووە بۆ ڕیفراندۆم، لە ئێستاشدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەوا شیعە گەرێتی لە عێڕاقدا گەیشتۆتە لوتکە و بۆ مەرامی خۆیان ھەوڵ دەدەن تەواوی ڕێکارەکان بگرنە بەر بۆ لەبار بردنی دەوڵەتی کوردستان، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم ھەنگاوانە سەرناگرن، چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم سەردەمەدا ناتوانن بێدەنگ بن و لەم بوارەشدا کۆمەڵێک داواکاری و بەیاننامە دەرکراوە کە دەبێت حکوومەتی بەغدا عەقڵانە ھەنگاو بنێت. لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەبینرێت کەوا پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کوردستان لە زیاد بووندایه.
فایزە کۆیی




