ڤالا فه‌رید: بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق پێچه‌وانه‌ى یاسا و ده‌ستووره و ناگاته هه‌رێم

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێ، له‌رووى یاساییه‌وه هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ى كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه دژ به هه‌رێمى كوردستان دراوه پێچه‌وانه‌ى یاسا و ده‌ستووره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و گه‌لى كوردستان هیچ كارێكى پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى نه‌كردووه.
(د. ڤالا فه‌رید) به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند، "له‌ڕووى یاساییه‌وه هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ى كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه دژ به هه‌رێمى كوردستان دراوه پێچه‌وانه‌ى یاسا و ده‌ستووره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و گه‌لى كوردستان له هیچ كارێكى پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور كارى نه‌كردووه، ئه‌وه‌ى ده‌كرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه سزادانى گه‌لى كوردستانه كه موماره‌سه‌ى ساده‌ترین مافى خۆى كردووه و ریفراندۆمی ئه‌نجام داوه و گه‌ل ئیراده‌ى خۆى سه‌لماندووه و نایه‌وێت چى تر له‌گه‌ڵ عێراق بێت."
(د. ڤالا) گوتی، "عێراق ده‌بێت بێته ژێر بارى ئه‌وه‌ى ئه‌و مافه یاساییه، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌ستووریشه له‌سه‌ر ئاستى عێراق و به‌پێى یاساى ناوخۆیش هیچ به‌ربه‌ستێك نیه، بۆیه هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك په‌رله‌مانى عێراق بیكات كاردانه‌وه‌ى نایاسایین و هیچ بنه‌مایه‌كى یاساییان نیه و بڕیاره‌كانیان ناگاته هه‌رێمى كوردستان، چونكه بڕیاره‌كان نه بنه‌ماى ده‌ولیان هه‌یه نه بنه‌ماى ده‌ستوورى و نه بنه‌ماى یاساییان هه‌یه، به‌ڵام بڕیاردانى گه‌لى كوردستان بۆ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنى ڕیفراندۆم بگره بنه‌ماى نێوده‌ڵه‌تى و یاسایى و ده‌ستووریشى هه‌بوو بۆیه هه‌رێمى كوردستان ته‌نیا به‌یاسا وه‌ڵامى په‌رله‌مانى عێراق ده‌داته‌وه."
سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مانى كوردستان گوتیشی، "ئه‌و بڕیارانه‌ى ده‌رچووه به خۆسه‌پاندن ده‌رچووه ئه‌و حوكمى زۆرینه‌ى كه په‌رله‌مانى عێراق بۆى گه‌ڕاوه‌ته‌وه ده‌یه‌وێت پیشانى بدات ئه‌وان دووباره كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر زه‌وت كردنى مافى نه‌ته‌وه‌كانى تر كه له‌گه‌ڵیان ده‌ژین، یه‌كێك له‌و كارانه‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌نجامیان دا دیار بوو پێكه‌وه‌ژیان له‌عێراق نه‌ماوه و نایانه‌وێت هه‌شبێت، بۆیه له‌لایه‌ن زۆرینه‌ى شیعه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه، به‌و هۆیه‌شه‌وه په‌رله‌مان دیاره زۆرینه‌یه‌كى شۆڤینیى و ڕه‌گه‌زپه‌رستیه بڕیاره‌كانى كه ده‌رده‌چن به‌شێوه‌یه‌كى ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه و دوور له یاسا و رێساكان و بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و رێسا ده‌ستوورییه‌كانیشه."
نه‌شوان به‌رزنجى




