٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆرێكی سیاسی؛ سەركەوتنی ڕیفراندۆم وڵاتان ناچار دەكات ددانی پێدا بنێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پسپۆرێكی سیاسی دەڵێت، سەركەوتنی ڕیفراندۆم وای لە وڵاتان كردووە لەگەڵ ئەنجامەكەی سیاسەتی داهاتووی خۆیان دابڕێژنەوە و بە سیاسەتەكانیاندا بچنەوە، بەشێكیشیان لە ئێستاوە پشتگیریی خۆیان بۆ دەربڕیوە.

پرۆفیسۆر (د. خەلیل ئیسماعیل)، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلوولدا، هەموو پێكهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بە یەكەوە بەشدارییەكی بەرچاویان كرد و ڕیفراندۆم سەركەوتوو بوو، هەر ئەمەش بووە هۆی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە. لە لایەكی تریشەوە كاتێك هەموو بە یەكەوە دەنگیان بە (بەڵێ) دا، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی زلهێز و، هەتا عێراقیش بڕوایان نەدەكرد، ئەم ڕیفراندۆمە هێندە فراوان و گشتگیر بێت.''

پرۆفیسۆر (د. خەلیل ئیسماعیل) ئاماژەیشی دا: ''ئەو وڵاتانەی بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەڵوێستێكی ڕوونیان نەبوو، چاوەڕێیان دەكرد لەگەڵ دەرەنجامەكەی هەڵسوكەوت بكەن. بەڵام ڕیفراندۆم كرا و سەریش كەوت، ئێستا لە وڵاتانی زلهێز قسەی جیاواز و پشتگیریی زیاتر دەبینین. ئەو وڵاتانەیشی دژی ئەنجامدانی بوون، وا دووبارە بە هەڵوێستەكانیاندا دەچنەوە و هەوڵ دەدەن سیاسەتەكانیان لەسەر بنەمای پاش ڕیفراندۆم دابڕێژنەوە. لە لایەكی تریشەوە وڵاتانی دراوسێ، وەكو ئێران و توركیا ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵوێستەكانیان دەگۆڕێت و ئێستا و سەرەتاكەیان زۆری فەرقە.''
(د. خەلیل ئیسماعیل) ڕوونیشی كردەوە: ''ئەمەریكا دوو جۆر سیاسەتی هەیە؛ سیاسەتێكی ئاشكرایە و سیاسەتێكی شاراوەیە. ڕاستە ئەو داوای ئەنجامنەدانی كردبوو، بەڵام لەڕاستیدا هیچ هەڵوێستێكی توندی نەبوو، ئەوەتا دوای ڕیفراندۆمیش داوای لە عێراق كردووە، هەڵوێستی نەرم بێت و لەگەڵ ڕاستییەكان مامەڵە بكات. ئەمەش جۆرێكە لە پشتگیریی ئەم ڕیفراندۆمەی لە هەرێم كراوە.''

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار