فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو: سەربەخۆییی کوردستان پیرۆز بێت
__2017_09_27_h15m48s19__HK.jpg)
ڕووسیا-KDP.info- فیدراسیۆنەکانی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو لە ڕاگەیاندراویکیاندا پیرۆزباییی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانیان لە گەلی کوردستان کرد و بە ڕۆژی ڕۆشنی گەلی کوردستانیان دانا و دەڵێن، لە کۆتاییدا مێژووی دادپەروەری سەرکەوت بەسەر ڕیککەوتننامەی سایکس-پیکۆدا.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
خۆشەویست... پیرۆزبایەکی گەرم ئاراستەی هەموو نەتەوەکانی باشووری کوردستان و گەلی کورد دەکەین لە هەموو جیهان بە بۆنەی چاوەڕوانیی ڕۆژە دوور و درێژەیەکەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانەوە. ئەم ڕۆژە لە لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورددا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، وەک یەکێک لە ڕۆژە هەرە ڕۆشنەکانی ژیانمان. ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان کۆتایی هات و بەبێ هیچ پێچوپەنایەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە. لە کۆتاییدا مێژووی دادپەروەری سەرکەوت بەسەر پەیماننامە شەرمەزاریکەرەکەی (سایکس پیکۆ)دا و ئێمە باوەڕمان وایە لە ماوەیەکی کورتدا لەسەر نەخشەی جیهان دەوڵەتی کوردستان بەدیار دەکەوێت. ئێمە بە پەرۆشەوە سوپاسی پاڵەوانە کوردەکان دەکەین، کە خوێنیان ڕژا لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان و سەری ڕێز و نەوازیش بۆ بریندار و کەمئەندامەکانی ئێستا و ڕابردوومان دادەنەوێنین، ناوی ئەوان بە پیتی زێڕین لەسەر دڵی تاکە تاکەی گەلی کورد نوسراوەتەوە. ئێمە سوپاسی سەرۆک و ڕابەرمان (مەسعوود بارزانی) دەکەین کە ڕێگایەکی ئاسانی لە ژیانی خۆیدا نەبڕی بۆ ئازادی و پێشکەوتن و بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد، هەروەها خۆڕاگری و باوەڕبەخۆبوونی لە بەرخودان و خەباتی چەندین ساڵەی و بەتایبەتی هەڵوێستەکانی جەنابیان لە کۆتایییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و گوێنەدانە پاڵەپەستۆ و هەڕەشەکانی وڵاتانی زلهێز و جیرانەکان. (مەسعوود بارزانی) هەر سوور بوو لەسەر بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد و گەیاندنی ئەم حەز و ئارەزووانەی گەلەکەی بە جیهان.
هەروەها سوپاسی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان کوردستانی باشوور دەکەین، بەبێ گوێدانە ناکۆکییە ناوخۆیییەکان و جیاوازیی بیروڕاکان، لە کۆتاییدا هەر هەمووتان دەنگدان دا بۆ سەربەخۆییی کوردستان. سوپاسی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانی کوردستان دەکەین. ڕوومان دەکەینە خوشک و برایانی خۆشەویستمان لە ئێزدی و مەسیحی و موسڵمان و کاکەیی و زەردەشتی و ئاشووری و کلدان و ئەرمەنییەکان و پێتان دەڵێین، ئێمە زۆر سەربەرزین و شانازیتان پێوە دەکەین بۆ ئەو یەکێتی و تەباییەی لە نێوانتاندا هەیە.
ئێمە دەزانین خەباتی ددانپێدانان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی باشوور لە پێشتانە و ڕێگایەکی ئاسان نییە. ئێمە هیوادارین ئەم یەکێتی و هاوکاری و تەبایییە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەردەوام بێت لە ناوتاندا و بپارێزرێت بۆ هەموو کاتێک.
لەم کات و ساتە ناسک و بەرپرسیارانەیەدا ئێمە بە ئێوە دەڵێین، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵتانین لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا بۆ گەیشتن بە ئازادی. هیواخوازین کوردستانی باشوور پر بێت لە ئاشتی و ئارامی و بووژانەوە و سەرکەوتنی کۆتایی.
پرۆفیسۆری ئاکادیمی، (نادر نادرۆڤ)، سەرۆکی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو




