"كەركووكییەكان داهاتووی خۆیان بە هەرێمەوە بەستەوە"

كەركووك -KDP.info- بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك دەڵێت، دەنگی كەركووكییەكان دیارە كە دەیانەوێت لەگەڵ كوردستاندا بن و داهاتووی خۆیان بە هەرێمەوە بەستەوە. ئەمەش سەنەدێكی قانونییە، كە دەبێ ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.''
٢٥ی ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان و ناوچە ئیدارییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕیفراندۆم ئەنجام درا.
(د. محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە شاری كەركووك كۆی لایەن و پێكهاتە و ئایین و مەزەبەكان بەشدارییەكی كارایان لە ڕیفراندۆمدا كردووە. ئەمەش جێگای دڵخۆشییە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوان ئیدی لە حكوومەتە شڕەكانی عێراق بێزارن و ئایندەی خۆیان لەگەڵ كوردستان دەبیننەوە.''
بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك ڕوونیشی كردەوە: ''ئایندەی كەركووك گەڕانەوەیەتی بۆ هەرێمی كوردستان. چونكە كەركووكییەكان شایستەی ژیانێكی ئارام و ئاسودەن. ئەو ژیانە ئارامەش تەنها لە هەرێمی كوردستاندا دەدۆزنەوە.''
(د. محەمەد خورشید) جەختیشی كردەوە: ''دەنگی كەركووكییەكان دیارە، كە دەیانەوێت لەگەڵ كوردستاندا بن و داهاتووی خۆیان بە هەرێمەوە بەستەوە. ئەمەش سەنەدێكی قانونییە كە دەبێ ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.''
سەرباز واحد




