"ڕووسیا وەک دەسپێک ددانی بە ڕیفراندۆمی کوردستاندا نا"

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی دەڵێن، هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا سەبارەت بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە و وەک دەستپێک، ڕووسیا ددانی بە ڕیفراندۆمی هەرێمدا نا.. هەروەها دەشڵێن، ئەگەر بێت و ئابلۆقەی ئابووری هەرێم بدرێت، ئەوا جیهان دێتە دەنگ و پرسەکە بە نێودەوڵەتی دەبێت و ئەمەیش لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەبێت.
(مەشخەڵ کەولوسی)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەیاننامەی ڕووسیا لەبارەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستانەوە زۆر ھەڵدەگرێت و سەرەتای تێگەیشتنی نێودەوڵەتییە لە ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی دەکرێت ھەڵوێستی ڕووسیا وەک سەرەتایەک وەربگرین و دوای ئەویش وڵاتانی دیکە ڕێز لەو خواستەی گەلی کوردستان بگرن و ھەڵوێستی ھاوشێوەی ڕووسیایان ھەبێت، چونکە نابێ ھەرێمی کوردستان پەلە بکات لە ھەڵوێستی وڵاتانی جیھان و ھەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی مێژووییی ئەنجام داوە و پێویستی بەوەشە بە پێی قورساییی پڕۆسەکە ھەزمی وەڵام و ھەڵوێستی ھەموو لایەک بکات.''
ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەوەی ڕووسیا لەبارەی ڕیفڕاندۆمی کوردستانەوە دەیڵێت، پێشتریش ھەڵوێستی ھاوشێوەی ھەبووە، کە دەڵێت، پێویستە شێوازێکی دیکە ببینەوە بۆ لەبەرچاوگرتنی خواستی گەلی کوردستان، ئەوەش بە دانوستان و تێگەیشتن لەگەڵ عێراق، واتە ئیتر ھەرێمی کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و لەسەر ڕیفڕاندۆم ڕازی بین، ھەر شێوازێکی دیکەی بگرنە بەر بەرەو سەربەخۆییە، نەک شتی دیکە، ئەوەی من بۆی دەچم ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ھەرێمی کوردستان بە کۆنفیدڕاڵی ڕازی بێت، کۆنفیدڕاڵیش واتە دەوڵەتی سەربەخۆ، تەنھا لە ھەندێ شتی زۆر کەم لەگەڵ عێراق دەبین و لە ھەموو کاروبارێکی دیکەدا سەربەخۆ دەبین.''
(مەشخەڵ کەولوسی) ئاماژەیشی دا: ''زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بە کۆنفیدڕاڵی گەیشتوون بە ئامانج، لەوانەش سووریا و میسر، ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە ئەگەر سەرکردایەتی و گەلی کوردستان بەو پێشنیارە ڕازی بێت، ئەوا ھەڵوێستی عێراق و نێودەوڵەتیش زۆر نەرمتر دەبێت، چونکە وڵاتانی ناوچەکە دەڵێن کێشەمان لەسەر خواستی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵکو لەوە دەترسین دەستکاریی سنووری ناوچەکە بکرێت، ئەو مۆدیلەی کۆنفیدڕاڵی، مۆدیلێکی باوە، بەتایبەتی دەبینین ئەوروپا بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت، سوپا و ئیدارەدان و ھەموو شتێک وەک سەربەخۆیییە، بەڵام لە نێوان دوو وڵاتدا ھەندێ ھاوبەشی دەبێت.''
لەبارەی ھەڵوێستی تورکیا و ئیرانیشەوە (د. شێرزاد زەکەریا)، پسپۆڕی مێژوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''من پێشبینیی ئەوەم دەکرد هەڵوێستی ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران زۆر توندتر بێت، چونکە ئەوان دوو وڵاتی دراسێی عێراق و ھەرێمی کوردستانن، پرسی سەربەخۆیی و دابەشبوونی عێراق پەیوەندیی بە ئەوانیشەوە ھەیە، ئەوان تەنیا مەترسییان لەوەیە، کوردانی ھەردوو وڵات لە دواڕۆژدا داوایەکی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام لەبارەی ئەوەی ھەڕەشەی جددین و مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان، من ھیچ ھەڕەشەیەکی ئەوتۆ نابینم، چونکە سەربەخۆیی، ھەنگاوێکی گەورەیە و لەوانەیە لە ڕووی ئابوورییەوە ھەندێک کاریگەریی ھەبێت، بەڵام لە ئایندەدا ھەڕەشەی ئێران و تورکیا نامێنێت و ئەوانیش ھەندێک نەرمی دەنوێنن بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان.''
(د. شێرزاد زەکەریا) دەشڵێت: ''لە ساڵی ١٩٦٣دا ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا و ئێران و سووریادا ھەبوو بۆ ئەوەی ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە دژی شۆڕشی کورد جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەوکاتیش ڕووسیا ھاتە نێو کێشەکە و پێی گوتن ئەگەر ھەنگاوێکی وەھا بنێن، ئەوە دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و ئێمە ڕازی نابین، ھەڵوێستی ھەندێ دەوڵەت لە ئێستاوە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، ڕووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، وەک نموونە وەربگرین، ئەگەر عێراق و وڵاتانی دراوسێش ئابلۆقەی ئابووری بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیھان دێتە دەنگ.''
قائید میرۆ




