ماجد بازرگان: ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی سیاسیی ھەرێم

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش ئاشکرای کرد، ھەموو پرسە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن و ئەنجومەن بڕیار لەسەر پرسە سیاسییەکان دەدات.
(ماجد بازرگان)، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆمدا قسەی لەسەر ئەوە کردووە، ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم لەسەر کارەکانی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەرکی دەگۆڕدێت و کارەکانیشی فراوانتر دەبێت بۆ پرسە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، واتە ھەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ھەر پرسێکی سیاسی ھەبێت، ئەوە ئەنجومەن بڕیاری لەسەر دەدات، چونکە ئێمە قۆناغی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆممان تێپەڕاند و کەوتووینەتە قۆناغێکی نوێی دوای ڕیفڕاندۆم.''
لەبارەی ئەو حزبانەوە کە نوێنەریان نییە، (ماجد بازرگان) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەنجومەنی سیاسیی ھەرێمی کوردستان نوێنەری زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی تێدایە، ئەوانەیشی نوێنەریان نییە، وەک بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوانیش مافیان ھەیە ئەندامیان دیاری بکەن بۆ ئەنجومەنەکە، چونکە ئەنجومەنەکە نوێنەرایەتیی ھەموو حزب و پێکھاتەکانی کوردستان دەکات.''
قائید میرۆ




