٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''ڕیفراندۆم ناوچە کوردستانییەکانی کردە سەنەدێكی قانوونی''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت، ڕیفراندۆم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كردە سەنەدێكی قانوونی، چونكە بە گوێرەی پێشبینییەكان و ئەنجامە بەراییەكان، (بەڵێ) بە ڕێژەیێكی زۆر سەركەوتووە، لە دەستووریشدا هاتووە دەبێ ڕیفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت، ئەمەش هێندەی دی بڕیاری گەڕانەوەی ئەم ناوچانە پشتئەستوورتر دەكات.

(نەسرەدین سەعید) بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بەشداریكردنی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕیفراندۆمدا زۆر زۆر گرنگ بوو، ئاخر ئەوان بە گەرمیوگوڕییەكی زۆرەوە دەنگیان دا. هەرچەندە لە هەندێك شوێن چاوسووركردنەوە و هەڕەشەش لە هاووڵاتییان دەكرا، بەڵام هەر دەنگی خۆیان دا. ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، ئەو سەركەوتنەی لەم ناوچانە بەدەست هاتووە، یەكەم هەنگاوی كردەییی گەڕانەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان.  لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە كە خەڵكەكە دەنگی داوە تا لەگەڵ دەوڵەتی كوردستان بێت.''

سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژەیشی دا: ''ڕیفراندۆم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كردە سەنەدێكی قانوونی، چونكە بە گوێرەی پێشبینییەكان و ئەنجامە بەراییەكان، (بەڵێ) بە ڕێژەیێكی زۆر سەركەوتووە. لە خاڵێ سێیەمی دەستووری عێراقیشدا هاتووە كە ڕیفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت. ئەمەش هێندەی دی بڕیاری گەڕانەوەی ئەم ناوچانە پشتئەستوورتر دەكات.''

(نەسرەدین سەعید) جەختیشی كردەوە: ''جگە لە كورد سەرجەم نەتەوەكانی دی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بەشداریی ڕیفراندۆمیان كردووە و دەنگیان بە بەڵێ داوە، ئاخر خۆ لە هەندێك ناوچە كورد ڕێژەی زۆر كەمە، بەڵام دەنگی زۆر بەدەست هاتوون. دیارە كە ئەوانیش دەنگیان بە (بەڵێ) داوە و داهاتوووی خۆیان لە نێو دەوڵەتی كوردستاندا دەبیننەوە. خۆ ئەگەر ئەوان نەبان كورد بە تەنیا هێندە دەنگەی نەدەهێنا. بۆیە لێرەدا ئەركی ئێمەیە زیاتر مافەكانی ئەم نەتەوە و پێكهاتانە دەستەبەر بكەین.''

٢٥ی ئەم مانگە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام درا، بە گوێرەی ئامارەكانی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئێستا زیاتر لە 90%ی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدایە.

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار