٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری، لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان ئاساییە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  هەر دوو سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل، وەكو جاران كراوەن و جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لییانەوە بەردەوام و ئاساییە.

لەبارەی هەوڵوێستی بگۆڕی دراوسێکانەوە پێوەست بە ئەگەری داخستن و دانەخستنی دەروازە سنوورییەکانەوە بە ڕووی باشووری کوردستاندا، کە هۆکارەکەی بە ئەنجامدانی راپرسی بۆ سەربەخۆییە، میدیاکان لێدوانی جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە.

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران گوتی، ئێستا جموجۆلی بازرگانی و گەشتیاری لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران وەكو رۆژانی پێشوو ئاساییە و هیچ كێشەیەك نییە، هەروەها لەسەر سنوورەكانیش هیچ كێشەك نییە و ڕەوش ئاساییە.

(فرزنك ئەحمەد) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جموجۆلی گەشتیاری و بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بەردەوامە و هەر وەكو رۆژەكانی پێش ریفراندۆم وایە، تەنیا بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی لە سیستمی هاتوچۆی كامیۆنەكان، بە شیوەیەکی بۆ ماوەیەکی کوردت وەستا، بەڵام كێشەكە چارە كرا و ئێستا جموجۆلی بازرگانی بەردەوامە، ئەوەی تایبەت بێت بە جموجۆڵی گەشتیاری بۆ یەك خولەكیش رانەگیراوە و، 24 سەعات هاتوچۆ بە دەروازەکەدا هەیە."

گوتیشی: "ئێستا ڕەوشی ناوچە سنوورییەكان زۆر ئارامە، راستە کە پێش ریفرەندۆم ئێران لەسەر سنوور مانۆڕێكی سەربازی ئەنجام دا، بەڵام ئێستا هیچ شتێك نییە و رەوشەكە زۆر ئاساییە".

لەلایەكی دیكەوە (محەممەد تاهیر) بەرپرسی راگەیاندنی سنووری نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل كراوەیە و، هەر وەكو جاران جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە، بەرپرسانی توركیایش رایانگەیاندووە ئێمە سنووری ئیبراهیم خەلیل ناگرین، كەواتە ئێمەش لە دیوی كوردستانەوە نایگرین، بەوەش سنوورەكە 24 سەعات كراوە دەبێت".

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار