لایەنەکان: بە یەکڕیزی بەرەوڕووی هەڕەشەکان ببینەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی مهڵبهندی سێی یەکێتی ئاماژە بە هەوڵەکانی یەکێتی بۆ هەنگاوەکانی دوای ریفرەندۆم دەکات و پێی وایە، ئەرکی حیزبەکەی لە پێناو یەکڕیزیی لایەنەکان قورستر دەبێت، هاوکات ئەندام سەرکردایەتییەکی پارتییش ئومێدی وایە لە داهاتوودا نێوماڵی کورد یەکڕیزیی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت، سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی ئیسلامییش پێوایە لە بەردەم قۆناغێکی مێژووییی گرینگداین و، ریفرەندۆم لە کۆتا رۆژیدا لایەنەکانی تری لەسەر پرسی سەربەخۆیی نزیک کردووەتەوە.
پرۆسەی دەنگدانی ریفرەندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان لە رۆژی 25ی ئەم مانگە کۆتایی پێهات، کە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان، رێژەی دەنگدان 72.16% بووە، ئەوەش لە کاتێکدا بوو لە رۆژی دەنگدانەکەدا یەکڕیزییەک لە نێو لایەنە کوردستانییەکاندا درووست بوو، ئەوەی دەمێنێتەوە هەنگاوەکانی دوای دەرەنجامەکەن، کە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان یەکبخات و پێکەوە کاری بۆ بکەن.
(شۆڕش سەیدمەجید) كه پێشتر جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو لە شاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕا و بۆچوونی خۆم ئەوەیە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی، درێژە بەو هەوڵانەی خۆی دەدات، کە پێش دەستپێکردنی پرۆسەی ڕاپرسی، لە پێناو دابینکردن و مسۆگەرکردنی لانی کەمی تەبایی و یەکهەڵوێستی و یەکدەنگیی نێوان هێزه سیاسییەکانی کوردستان لە پرسی چارەنووسسازی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی داویەتی، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانشی هەر بەردەوام دەبێت" ، ناوبراو ئاماژەش بە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات و دەڵێت: "کاراکردنەوەی پەرلەمان و سەرخستنی پرۆسەی ئەنجامدانی ڕاپرسییش بەرهەمی هەوڵە بەردەوام و پشوودرێژییەکەی یەکێتی بوو لەگەڵ لایەنەکان".
" یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بەرنامەمان بووە"
"ئێمە وەک پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بەرنامەمان بووە"، ئەمە گوتەی (نووری حەمەعەلی) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند.
(نووری حەمەعەلی) پێوەست بە قۆناغی پاش ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی و برەودان بە یەکریزیی نێوماڵی کورد، ئاماژە دەدات، ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لە لایەن پارتی و بە تایبەت (سەرۆک بارزانی)ـیەوە لەگەڵ لایەنەکان گەڵاڵە دەکرێن و دەبنە بڕیار، پێویستە هەموو حزبەکان بە رێزەوە سەیری ئەو بڕیارە بکەن، "چونکە لای پارتی هەر پرۆژەیەک لەگەڵ لایەنەکان گەڵاڵە بکرێت و ببێتە بڕیار، رێزی لێ دەگرین، نەک دواتر پێچەوانەی بڕیارەکە لێدوان بدەین".
هەرچیی دکتۆر (محەممەد ئەحمەد) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە قۆناغێکی گرینگی مێژووییدایە، یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکانیش بە پێویستییەکی زەرووری دەزانێت: "لە کۆتا رۆژی پرۆسەی ریفرەندۆمدا، یەکڕیزیی لایەنەکان لەسەر پرسی ریفرەندۆم بەدی کرا، بە هیوام لە داهاتوویشدا یەکڕیزیی زیاتری لێ بکەوێتەوە".
"بە یەکڕیزی، هەڕەشە و مەترسییەکان دوور دەخرێنەوە"
لەمەڕ گرینگیی یەکریزیی نێوماڵی کورد بۆ هەنگاوەکانی دوای دەرەنجامی ریفرەندۆم، ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی یەکگرتوو، کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفرەندۆمیشە، گوتی: "پێم باشە لە داهاتوودا کار بۆ ئەوە بکرێت لایەنەکانی تریش لەو ئەنجوومەنەدا بەشدار بن، تاوەکو بتوانرێت پێکەوە کار بۆ بنیاتنانی دەوڵەت بکەین، ئەویش بە هێمنی، بەڵام بە جیددی".
سەرکردەکەی یەکێتی، ئەرکی حیزبەکەی لە قۆناغی دوای ڕاپرسی بە قورس ناو دەبات، هۆکارەکەشی بۆ ئەو هەموو هەڕەشە و مەترسیانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "پێویستمان بە هەوڵی زۆرتر و چڕتر لە پێناو پتەوکردنی سەنگەری ناوخۆ بەرامبەر ئەو مەترسییانە هەیە، کە تەنیا و تەنیا بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی دەتوانین گەل و نیشتمانەکەمان لەو هەڕەشە و مەترسیانە دوور بخەینەوە".
"با پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەت، منافەسە بکەین"
وێڕای ئەوەی کە گلەیی رێژەی کەمی دەنگدەرانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەبوو، (نووری حەمەعەلی) دەڵێ "بەڵام ئومێدیشمان وایە لە داهاتوویشدا نێوماڵی کورد یەکڕیزیی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت، بە تایبەت بۆ کارکردنمان لەسەر دەرەنجامی ریفرەندۆم".
ئەندام سەرکردایەتییەکەی یەکگرتوویش جەخت دەکاتەوە لەوەی، "کە بووینە دەوڵەت، مەساحەی ململانێکانمان فرانتر دەبن، ئەوکات بۆ خۆمان هەرچەندەش منافەسە بکەین، ئاساییە."
خێڵان بەختیار




