٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەفات کەرەم: بڕیاری گەڕانەوە و نەگەڕانەوەمان بۆ بەغدا، لای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستانن بۆ گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی پەرلەمانتارانی کورد بۆ بەغدا و دەشڵێ، عێراق خۆی نقووم بوە لە کێشە و، دەیەوێ بە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی تێپەڕێنێت.

(دکتۆر عەرەفات کەرەم) سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بەھۆی ھەڵوێستی پەرلەمانی عێراقەوە لەبارەی پڕۆسەی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی ھەندێ بڕیار لە دژی کوردستان، ئێمە ھەر پێنج فڕاکسیۆنی کوردستانی، بڕیاری ئەوەمان دەرکردووە قەت بەو شێوەیە ناگەڕێینەوە بەغدا، ئەمڕۆ نازانین بەھۆی کۆچی دوایی باوکی سەرۆکی پەرلەمان کۆ بوونەوە دەکرێت یاخوود نا، چونکە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبێت، سەرۆکوەزیرانیش ناچێتە پەرلەمان، چونکە تەوەرەکان گرینگن بۆ ئەوان."

لەبارەی هەوڵ و ئەگەری وەرگرتنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارانی کورد و سەرۆککۆماری عێراقیشەوە، لە لایەن کوتلەکانی نێو پەرلەمانی عێراقەوە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی گوتی "پەرلەمان دەتوانێ متمانە لە سەرۆککۆمار وەربگرێتەوە، ھەرچەندە تا ئێستا دەبێت سەرۆککۆماری عێراق ھەڵوێستی ھەبوایە، چونکە بێدەنگی ھەڵبژاردووە، بەڵام پەرلەمان ناتوانێ متمانە لە پەرلەمانتارانی کورد وەربگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە فەرمانبەری (حەیدەر عەبادی) نین و نوێنەری خەڵکی کوردستانین، ئەوان کێشەی زۆریان ھەیە دەیانەوێ بەو دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان کێشەکانیان تێپەڕێنن."

وەک (کەرەم) جەخت دەکاتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و بڕیارەکانی دژ بە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەوا ئەوان وەک فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە، جا چ بڕیارێک بدەن، بەوەی کە پەرلەمانتارانی کوردستان بگەڕێنەوە پەرلەمانی عێراق یانیش نەگەڕێنەوە، "پێویستە سەرکردایەتیی کوردستان بڕیارێک لەبارەی پەرلەمانتارانەوە بدات، ئاخر لە بەغدا ھەڕەشەیەکی زۆرمان لەسەرە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار