ڕادەستکردنی فڕگەکانی هەولێر و سلێمانی بە بەغدا ڕەت کرایەوە

هەولێر-KDP.info- (مەولوود باوەمووراد) وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت، دەڵێ، فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى مڵکى کوردستانن و بەردەوامیشن لە کارەکانیان. راشیگەیاند، بڕیارەکەی بەغدا "نایاسایی و نەگونجاوە."
لەبەرانبەر بە ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق بە رادەستکردنەوی فڕگەکانی هەولێر و سلێمانی بە بەغدا، (مەولوود باوەمووراد) وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت، "فڕۆکەخانەکانمان لەسەر بودجەی کوردستان دروست کراون و کارەکانیان بە ڕێکوپێکی و بەگوێرەی یاسا و ڕیسا بەرکارەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی بەڕێوە براون و هیچ کات پێشێلی یاساکانی فڕۆکەوانییان نەکردووە."
لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنەمەوانیدا کە بەڕێوەبەری فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕگەی سلێمانی ئامادەی بوون، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایشیگەیاند، "ئەم دوو فڕگەیە پێوەستن بە ژیانی خەڵکەوە، بە هاتوچۆی نەخۆش و قوتابیان و گەشتی دیپلۆماتکار و هاوپەیمانیشەوە، ناکرێ فڕگەکانمان کە بەگوێرەی یاسا نیودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچن، هەروا بە ئاسانی رادەستی بەغدا بکەینەوە."
گوتیشی، دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى عێراق خۆی سەرپەرشتى کارەکانى فڕگەکان دەکەن.
(باوەمووراد) ئاماژەیشی دا، "ئەگەر ئەم بڕیارە یاسایى بێت ئەوا ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام ئەگەر لەبەر ئەوەیە کە کوردستان ریفراندۆمى کردووە و دژى ئێمە ئەو کارە بکەن، ئەوا ئێمە رەتى دەکەینەوە و بە نایاسایى لە قەڵەمى دەدەین."
هاوکات (تەلار فایەق) بەڕێوەبری فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئاماژە بەوەی کە، فڕگەی نێودەولەتیی هەولێر، کەناڵێک نەبووە بۆ گەشتی ئاسایی و وابەستەی ژیانی خەڵکی کوردستان بێ، بەڵکە هاوپەیمانانیش کەڵکیان لێی بینیوە و، لەم ماوەیەی جەنگی سووریادا، نەتەوە یەکگرتووەکان هاموشۆی بۆ سووریا پیدا کردووە و هاوکارییەکانی لەم فڕگەیەوە بە خەڵکی لێقەوماو گەیاندووە.
(تەلار فایەق) ڕایشیگەیاند، ئەگەر بێتو بەغدا لەسەر ئەم هەڵوێستەی کە ڕادەستکردنەوەی فڕگەکانە بە بەغدا، ئەوا هەڵوێستی دیکەیان دەبێ.
هەڵکەوت محەممەد




