سامان شالی: پەیامی سەربەخۆییی کوردستانیان گەیشتە جیهان

هەولێر-KDP.info- کەسایەتییەکی سیاسیی کوردستان پێی وایە، گەلی کوردستان بڕیاری خۆی دا بۆ سەربەخۆیی و پەیاماکەی ڕوونە، کە داوای سەربەخۆیی دەکات و دەشڵێت، پێویستە ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە، کە زۆرترین وڵاتی جیھان بێنێتە سەرخەت بۆ ئەوەی پشتیوانیی بکەن.
(د. سامان شالی)، کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ خەڵکی کوردستان بە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم پەیامی خۆیان گەیاندە جیھان و ھەنگاوێکی سەرکەتوانەیان هەڵێناوە بەرەو سەربەخۆیی. پێویستە بۆ قۆناغی داھاتوو سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەست بە سەردانەکانیان بۆ وڵاتانی جیھان و بەتایبەت ئەمریکا و ڕۆژئاوا بکەن، تا پشتیوانی بۆ سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان پەیدا بکەن و پەیامی خەڵکی کوردستان بگەیەنن بە جیھان، کە گەلانی کوردستان سەربەخۆییی خۆیان دەوێت، واتە ئەرکی ڕیفڕاندۆم تەواو نەبووە و پێویستمان بەوە هەیە، کە ئیدی وڵاتان بێنینە سەرخەت، تا پشتیوانیی ڕیفڕاندۆمەکەمان بکەن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.''
لەبارەی ھەڕەشەی ھەندێ وڵاتیشەوە، (سامان شالی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەڕەشەکان گەل سارد ناکەنەوە لەو پەیامەی ھەلیگرتووە بۆ سەربەخۆیی، ھیچ یەک لە وڵاتان ناتوانن بژاردەی سەربازی بەکار بھێنن بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەستیش لە بژاردەی گرتنی سنوور بێت، ئەویش تا سەر ھەر بەردەوام نابێت و تازە خەڵکی کوردستان ئامانجەکەیان پێکا و پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە سەرکەوتویی کۆتایی ھات.''
قائید میرۆ




