نەوزاد هادی: داوا دەکەین کە تەقەی خۆشی نەکرێت

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێرە داوای کرد خەڵک خۆشییەکانیان بە تەقەکردن دەرنەبڕن.
(نەوزاد هادی)، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیێنێت" لە هەمبەر هەر کارێکی نایاسایی لە تەقەکردن و شێواندنی رەوشی ئەمنیی پایتەخت ناچار دەبین رێوشوێنی توند و هەڵسوکەوتی یاسایی و سزادان لەبەرانبەریان بگرینەبەر".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا پارێزگاری هەولێر ، دەڵێ "جێگەی خۆیەتی لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی ئەم نیشتمانە ئاهەنگ و شایی و کەرنەڤاڵ سازبکەین، بەڵام دوور لە هەر زێدەڕۆیی و تەقەکردن و نەریتی ناشارستانی کە ببێتە مایەی ئازار و مەترسی بۆ سەر هاونیشتمانیانمان و ناڕەحەتبوون و نیگەرانی چاودێرانی نێودەوڵەتی".




