لە گەرمیان و خانەقین ڕیفراندۆم بە گەرمی بەڕێوە دەچێت

خانەقین-KDP.info- لە سنووری گەرمیان و خانەقین، پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت و لە دوای نیوەڕۆوە خەڵکی زیاتر سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن.
(رەھێڵ جاف)، بەرپرسی دەزگەی ھەڵبژاردنی لقی 22ی گەرمیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە سنووری گەرمیان و خورماتوو، بەیانی ھەندێک بە خاوی بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە خەڵکێکی زۆر سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە دەربەندیخان تا دەگاتە خانەقین و خورماتوو و جەبارە دڵخۆشکەرە، زۆرینەی ئەوانەیشی بەشداری دەکەن بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن، تەنانەت پێکھاتەکانی دیکەی سنوورەکەش ھاوشانی کورد بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا دەکەن.''
(ڕەھێڵ جاف) دەشڵێت: ''چەندین بنکە بۆ ئاوارەکانی خورماتوو و ناوچەی خانەقین و کەرکووک لە گەرمیان کراونەتەوە، بەڵام بە ھۆی کەمیی فۆڕمی دەنگدانەوە کێشەیەک ڕووی دا، دواتر کۆمیسیۆن توانی ڕێژەی پێویستی فۆڕمی دەنگدان دابین بکات و پڕۆسەکە ئاسایی کراوتەوە، شتێک، کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە کە ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان، زۆرینەیان بەشدارییان لە ڕیفڕاندۆمدا کردووە و ڕێژەکەی گەلێک بەرزە.''
قائید میرۆ




