٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تورکمان و مەسیحی: بە بەڵێ بەشداریمان لە ڕیفراندۆمدا کرد؛ چارەنووسمان لەگەڵ کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- هاووڵاتییانی تورکمان و مەسیحی دەڵێن، بە بەڵێ بەشداریمان لە ڕیفراندۆمدا کرد و ئیدی بڕیارمان دا، چارەنووسمان لەگەڵ کوردستانە.

مەسیحییەکانی کوردستان لە لایەن پێشمەرگەی کوردستانەوە شوێنەکانیان پارێزگاری لێ کرا و ئێستاش هێزی خۆیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. هاووڵاتی، (سەباح تۆما)، وەک کریستیانێک لە شاری هەولێر هەرزوو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەنگم بە بەڵێ دا، بەیانیی ئەمڕۆ خۆم و خێزانەکەمان لەگەڵ کریستیانەکانی ھەولێر و عەنکاوە چووینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان بدەین و بەشداریمان لەو کەرنەڤاڵە نیشتمانییەدا کرد، بەڕاستی ئەمڕۆ بۆ ئێمە وەک جەژن وا بوو، چونکە بۆ جاری یەکەمە لە ژیانی کریستیانەکانی کوردستاندا بە ئارەزووی خۆمان دواڕۆژی خۆمان دیاری دەکەین، ھەرچەندە پێشتریش تا ڕاددەیەکی زۆر مافەکانمان لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا دابین کرابوون، بەڵام ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ، بێگومان مافی زیاتر دەبێت و، وەک پێکھاتەیەک دەتوانین زیاتر دەنگی خۆمان بە جیھانیش بگەیەنین.''

(نەوزاد پۆلس)، سەرۆکی تۆڕی پێکھاتەکانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کریستیانەکانی عەنکاوە ئەمڕۆ کاتژمێر 8ی بەیانی چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارییان ھەبووە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا، بەڵگەنامەكەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بۆ پێکھاتەکانی دەرکردووە، پەسەندی بکەن گرینگه‌، بۆ ئەوەی مافەکان زیاتر زامن بکرێت و لە دەوڵەتی داھاتووی سەربەخۆی کوردستاندا ڕۆڵی بەرچاومان ھەبێت، لەبەر ئەوەی کریستیان پێکھاتەیەکی سەرەکیی کوردستانن و  ئەمڕۆش دەیسەلمێنن دەنگیان لەگەل زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.''

(پۆلس) ڕوونی کردەوە: ''لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان لە شارۆچکەی عەنکاوە بە ھۆی زۆریی بەشداریی دەنگدەرانەوە قەڵەباڵغییەکی زۆر پەیدا بووە، بەتایبەت ئەو دوو بنکەی تایبەت کراون بە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا و ئەوانیش ئەمڕۆ توانییان بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا بکەن، بەتایبەت ئاوارەکانی حەمدانییە و بەرتلە و چەند ناوچەیەکی دیکەی نزیک شاری مووسڵ.''

(نازناز بەھجەت)، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''من، دایکم تورکمانە و باوکم کوردە، پێکەوە چووین بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگمان بە سەربەخۆییی کوردستان دا، مەبەستم ئەوەیە بڵێم، جیاوازیی نێوان کوردستانییان نییە، دایک و باوکم ھەریەک لە نەتەوەیەکن، بەڵام یەک چارەنووسمان ھەیە و پێکەوە چووینە بنکەی دەنگدان. ھەموو ئەوانەشی من دەیانناسم بەو شێوەیەن، بۆیە ھاووڵاتی بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی پێشوازیی لە ڕیفڕاندۆم دەکەن.''

(مستەفا عەلی)یش، بەڕێوەبەری ماڵی تورکمان لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی  پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ لە ھەولێر، وەک ئەندامێکی نەتەوەی تورکمان بەشداریی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمم کرد، ھەموو ئەو گەڕەکانەی تورکمان تێیاندا نیشتەجێن، ڕێژەی بەشداریکردن لە ڕیفڕاندۆم بەرزە و ڕێژەیەکی بەرچاوی تورکمانەکان چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە پێی زانیارییەکانی ئێمە، دەنگی زۆرینە تورکمانەکانیش بەڵێیە بۆ سەربەخۆییی کوردستان. ئێمە، وەک گەلی تورکمان چۆن پێشتر ڕۆڵمان ھەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا، ئێستاش لە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆییدا تورکمانی پشکی شێری بەر دەکەوێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار