ڕێکخراوی کوردماد له سلێمانی: داوا دەکەین سهعاتێك لە وادەی دەنگدان زیاد بکرێت

سلێمانی-KDP.info- چاودێرێکی بنکەکانی دەنگدانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هێچ گرفتێک ڕووی نەداوە و هاووڵاتییانیش بەوپەڕی گوڕوتینەوە ڕوو لە بنکەکان دەکەن، هاوکات ئاماژەش بەوە دەکات، تا ئێستا کێشە لە ڕێژەی کارت و ژمارەی دەنگدەردا ڕووی نەداوە و داواش دەکەین کاتژمێرێک بۆ وادەی دەنگدان زیاد بکرێت.
(سامان ساڵح) سەرۆکی ڕێکخراوی کوردماد بۆ گەشەپێدانی کەلتووری دیموکراتی و چاودێریی بنکەکان، لە شاری سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''تا ئێستا پرۆسەی دەنگدانی ڕیفراندۆم لە بنکەکانی شاری سلێمانیدا بە هێمنی بەڕێوە دەچێت و خەڵکی بە گوڕ و تینەوە بەشداری دەکەن، ڕێژەی بەشداربوانیش ڕوو لە زیادبوون دەکات.''
لەبارەی بوونی گرفت بۆ دەنگدەران لە بنکەکانی شاری سلێمانیدا، (ساڵح) گوتی: ''گرفتی زۆر کەم هەبووە، کە ئەویش لە ڕێی کارمەندانی کۆمیسیۆنەوە چارە دەکرێت.''
ئەو چاودێرە ڕەتیشی دەکاتەوە، بنکەکان لە ڕووی ڕێژەی کارتی دەنگدانەوە بەرانبەر ژمارەی دەنگدەر بێت و، گوتیشی: ''لەو بنکانەدا کە من و ڕێکخراوەکەم چاودێریمان کردوون و لەگەڵ یەکتر لە پێوەندیداین، هیچ کێشەیەکی وەها نەبووە، کە کارتی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەر کەمتر بووبێت.''
داوایشی لە کۆمیسۆن كرد، کە ماوهی سەعاتێك بۆ دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی زیاد بکرێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە هاووڵاتیانی ئەو دوو پارێزگایە زۆربەیان لەسەر ئیش و کار بوون و درەنگ دەگەڕێنەوە ماڵەوە، "ئەوەش لە پێناو نەفەوتانی دەنگی هاووڵاتییانی ئەو دوو پارێزگایەیە.
خێڵان بەختیار




