ئاوارەکانی شنگال بە جلی ڕەسەنی خۆیانەوە سەربەخۆیی هەڵدەبژێرن

شنگال-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای شنگال گوتی، پرۆسەی ڕیفراندۆم لە نێو ئاوارەکانی شنگالدا بە شێوەیەکی زۆرباش بەڕێوە دەچێت و ئاوارەکان بە جلی ڕەسەنی کوردیی ئێزدییەوە بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن.
(مەیسەر حەجی ساڵح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''٢٤ بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارەکانی شنگال کراونەتەوە و لە بەیانییەوە خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پرۆسەکەدا بەشداری دەکەن و زۆریش دڵخۆشن بە بەشداریکردنیان لەو پرۆسەیەدا.''
(مەیسەر حەجی ساڵح) دەڵێت: ''کوردانی ئێزدی لە نێو کەمپەکاندا ھەموویان جلی کوردیی ڕەسەنی ئێزدییان لە بەر کردووە و بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا دەکەن و دەنگی خۆیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن.''
(ساڵح) ڕوونیشی کردەوە: ''کوردانی ئێزدی زۆر دڵخۆشن بەوەی بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا دەکەن و ناوچەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و جارێکی دیکە تووشی کوشتن و جینۆساید نابنەوە و لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە پارێزراو دەبن.''
بڵند ئیبراھیم




